تەندروستیی عێراق: لە ئەمساڵدا 16 کەس بەهۆی پەتای تای خوێنبەربوونەوە گیانیان لەدەستداوە
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ سێشەممە 30ی حوزەیرانی 2026، سەیف بەدر، تەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند، "تیمەکانی چاودێریی پەتایی و دامەزراوە تەندروستییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە ڤێتێرنەری و چاودێرییەکان، رۆژانە بەدواداچوون بۆ دۆخی پەتای تای خوێنبەربوون لە سەرجەم پارێزگاکاندا دەکەن".
سەیف بەدر ئاماژەی بەوەشدا، لە هەفتەی کۆتایی ئەم مانگە 23 تووشبوونی نوێ و 3 حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراون".
بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی عێراق بێت لە سەرەتای ساڵی 2026ەوە تا ئێستا 219 حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون تۆمارکراون و 16 حاڵەتی گیانلەدەستدانیش بەهۆی پەتاکەوە تۆمارکراوە، بەمشێوەیەی خوارەوە:
1-زیقار: 101 تووشبوو، 8 گیانلەدەستدان.
2-واست: 12 تووشبوو، 2 گیانلەدەستدان.
3-بابل: 10 تووشبوو، 2 گیانلەدەستدان.
4-موسەننا: 19 تووشبوو، 1 گیانلەدەستدان.
5-بەسرە: 19 تووشبوو، 1 گیانلەدەستدان.
6-دیالە: 12 تووشبوو، 1 گیانلەدەستدان.
7-بەغداد بەری کەرخ: 4 تووشبوو، 1 گیانلەدەستدان.
8-میسان: 17 تووشبوو.
9-بەغدا بەری رەسافە: 10 تووشبوو.
10-نەینەوا: 8 تووشبوو.
11-سەڵاحەدین: 3 تووشبوو.
12-کەرکوک: 3 تووشبوو.
13-کەربەلا: 2 تووشبوو.
14-هەولێر: 2 تووشبوو.
15-سلێمانی: 2 تووشبوو.
16- نەجەف: 2 تووشبوو.
17- دیوانییە: 1 تووشبوو.
18- ئەنبار: 1 تووشبوو.
وتەبێژی وەزارەت روونیکردەوە، نیشانە سەرەتاییەکانی تای خوێنبەربوون بریتین لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش، سەرئێشە، ئازار لە ناوچە جیاجیاکانی جەستەدا و شەکەتی گشتی. لە قۆناخەکانی دواتریشدا رەنگە ببێتە هۆی خوێنبەربوونی ژێر پێست یان خوێنبەربوون لە کونە سروشتییەکانی جەستەوە.
جەختی لەوەشکردەوە، پێویستە لەگەڵ دەرکەوتنی یەکەم نیشانەدا، بەتایبەت لای ئەوانەی بەهۆی کارەکەیانەوە (وەک گۆشتفرۆش، ئاژەڵدار و بازرگانانی ئاژەڵ) بەرکەوتنی راستەوخۆیان لەگەڵ ئاژەڵدا هەیە، سەردانی نزیکترین ناوەندی تەندروستی بکەن، چونکە دەستنیشانکردنی پێشوەختە وەرگرتنی چارەسەری کاریگەر ئاسان دەکات.
سەیف بەدر دەڵێت، "ئەرکی وەزارەتی تەندروستی بریتییە لە دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە و پێشکەشکردنی چاودێری پزیشکی و هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیان بە هاوکاری میدیاکان، بەڵام قڕکردنی گەنە، مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵی تووشبوو، رێگریکردن لە سەربڕینی سەرشەقامەکان، لە ئەستۆی وەزارەتی کشتوکاڵ، هێزە ئەمنییەکان و شارەوانییەکاندایە".
PM:03:34:30/06/2026
ئهم بابهته 152
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت