دەست بەسەر 4 ملیۆن دۆلاردا گیرا و خاوەنەکەی ئاشکرا بوو


وێستگەنیوز -

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 30ی حوزەیرانی 2026، هێزە ئەمنییەکان لە سنووری نێوان پارێزگاکانی دیالە و سەڵاحەدین، دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر پارەی کاشدا گرت کە لە ناو ئۆتۆمبێلێکدا شاردرابووەوە و شۆفێرەکەش ناسنامەی خاوەنی پارەکەی ئاشکرا کرد.


سەرچاوەیەکی ئەمنی رایگەیاند، لە بازگەی عەباس چۆما کە دەکەوێتە نێوان پارێزگاکانی سەڵاحەدین و دیالە لە باشووری خورماتوو، هێزە ئەمنییەکان ئۆتۆمبێلێکی جۆری نیسان پاسفایندەریان راگرت کە ژمارەی تابلۆکەی (54010 بەغدا) بووە.

دوای پشکنینی ورد، دەرکەوتووە بڕی 4 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی لە ناو ئۆتۆمبێلەکەدا بووە، هەر بۆیە دەستبەجێ دەست بەسەر پارەکەدا گیرا و شۆفێرەکەش بە ناوی (زەید عەلا شاکر ئەحمەد عەبدەلی) دەستگیرکرا.

هەر بەپێی زانیارییەکان، شۆفێرە دەستگیرکراوەکە لە کاتی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دانی بەوەدا ناوە کە ئەو بڕە پارەیە هی ئەو نییە، بەڵکو هی (ئەمەل مەرعی) ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدینە.

ئێستا شۆفێرەکە و پارە دەستبەسەرداگیراوەکە رەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون بۆ تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان.


AM:09:30:30/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 644 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت