وتەبێژی حکومەتی عێراق: ئەنجامی دادگاییکردنی گەندەڵکاران ئاشکرا دەکرێت


وێستگەنیوز-

حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق کۆمەڵێک بڕیار و زانیاری نوێی دەربارەی پرسە سیاسی و ئەمنییەکان راگەیاند و جەختی لەسەر بەردەوامیی هەڵمەتەکانی چاکسازی و ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کردەوە.


ئەمڕۆ دووشەممە 29ی حوزەیرانی 2026، وتەبێژی حکومەتی عێراق بۆ میدیاکان ئاماژەی بەوە کرد، پرسی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بابەتێکی نیشتمانییە و پەیوەندی بە هیچ سەردانێکی دەرەکییەوە نییە، بەتایبەت سەردانەکەی سەرۆک وەزیران بۆ واشنتۆن، وتیشی: "یاسا بەسەر هەموو تێوەگلاوانی گەندەڵیدا بەبێ جیاکاری جێبەجێ دەکرێت و ئەنجامی دادگاییکردنەکانیش بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکرێن، هەروەها هەژمارێکی تایبەتیش بۆ ئەو پارانە دەکرێتەوە کە لە گەندەڵکاران دەسەندرێتەوە".

لەبارەی شایستە داراییەکانی هەرێمەوە، حەیدەر عەبودی دوپاتیکردەوە کە حکومەتی فیدراڵ پابەندە بە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و پرۆسەکە بەپێی رێکارەکان بەردەوام دەبێت.

سەبارەت بە دۆسیەی ئەمنیی و چەکی بێ مۆڵەت، وتەبێژەکەی حکومەت هۆشداری دا کە رۆژی 30ی ئەیلوولی داهاتوو دوایین مۆڵەت دەبێت بۆ سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، راشیگەیاند کە گروپە چەکدارەکانیان لەم بڕیارە ئاگادار کردووەتەوە و هەر کەسێک تا ئەو بەروارە چەکەکەی رادەست نەکات، روبەروی رێکاری یاسایی توند دەبێتەوە.

لە تەوەرێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، عەبودی ئاشکرای کرد کە حکومەتی عێراق رەزامەندی نیشانداوە لەسەر داواکاریی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ئەوەی مەراسیمی بەخاکسپاردنی سەید عەلی خامنەیی لە رێکەوتی 8ی تەمموزی داهاتوو لە ناو خاکی عێراق بەڕێوەبچێت.


PM:02:15:29/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 144 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو