سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبوونەوە


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ یەکشەممە 28ی حوزەیرانی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، پێشوازی لە عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و شاندی یاوەری کرد و چەند پرسێکی گرنگی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.


لە دیدارەکەدا، هەردوولا باسیان لە رێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە کۆتایی بە شەڕی نێوان هەردوو وڵات هێنراوە، هەروەها هەوڵە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و رێزگرتن لە سەروەری و یەکگرتوویی خاکی وڵاتان گفتوگۆیان لەسەر کرا.

سەرۆک وەزیرانی عێراق لە میانەی کۆبوونەوەکەدا دووپاتی کردەوە کە عێراق کۆتاییهێنان بە شەڕ و پەنابردن بۆ دیالۆگ و دانوستان بە پێشینەی کارەکانی دەزانێت بۆ بەرقەرارکردنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمە دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی دەرفەتی گەشەپێدان بۆ گەلانی دراوسێ.

لای خۆیەوە عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران پاڵپشتیی وڵاتەکەی بۆ عێراق و کارکردن بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان نیشان دا، عەراقچی جەختی کردەوە کە تاران دەیەوێت باشترین پەیوەندی لەگەڵ هەموو وڵاتانی ناوچەکە و بەتایبەت وڵاتانی عەرەبی دراوسێدا هەبێت.


PM:02:57:28/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 148 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت