کاردانەوەکانی هەڵمەتی رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی لەعێراق


وێستگەنیوز -

ئەمڕۆ یەکشەممە 28ی حوزەیرانی 2026، دوابەدوای هەڵمەتی دەستگیرکردنی گەندەڵکاران بە فەرمانی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دۆسیەی رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی و لێپرسینەوە لە بەرپرسانی عێراق پێشهاتی نوێ بەخۆوە دەبینێت، لەو چوارچێوەیەدا نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بە باشبوونی رێکارەکان دەکات و پەرلەمانیش وردەکاری دەستگیرکردنی ژمارەیەک پەرلەمانتار ئاشکرا دەکات.


یاما ترابی، بەڕێوەبەری پڕۆژەی "رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی و بەهێزکردنی ناوبژیوانی" لە بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرپێدان (UNDP) رایگەیاند، هەوڵەکانی عێراق بۆ رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی گەشەسەندنی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، ئاماژەی بەوەش کرد کە هەنگاوەکانی حکومەت و ئەنجومەنی باڵای دادوەری بۆ گێڕانەوەی سەرمایەکان لەسەر رێرەوێکی راستن، بەڵام هێشتا وەک پێویست نین و پێویستیان بە رێکاری توندتر و ستراتیژییەکی روونتر هەیە.

ترابی دووپاتی کردەوە کە رێکخراوی (UNDP) ئامادەیە لە رێگەی پێشکەشکردنی شارەزایی تەکنیکی و بنیاتنانی تواناکان، بەردەوام بێت لە پشتگیریکردنی عێراق بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی.

هاوکات لەگەڵ ئەم لێدوانانە، ئەمیندارێتی گشتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق روونکردنەوەیەکی سەبارەت بە دەستگیرکردنی چەند پەرلەمانتارێک لە بەرەبەیانی ئەمڕۆدا بڵاوکردەوە، لە روونکردنەوەکەدا هاتووە کە بەپێی دەستوور و پەیڕەوی ناوخۆ، سەرۆکی پەرلەمان یان جێگرەکەی دەسەڵاتی ئەوەیان هەیە لە کاتی پشووی یاساداناندا، پارێزبەندی لەسەر ئەو پەرلەمانتارانە هەڵبگرن کە لەلایەن دادگاوە داواکراون، بەبێ ئەوەی پێویست بە دانیشتنی دەنگدان بکات.

ئەمیندارێتی پەرلەمان ئاشکرای کرد کە فەرمانی هەڵگرتنی پارێزبەندییەکە لە ماوەی 48 کاتژمێری رابردوودا و بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای دادوەری واژۆ کراوە، جەختیشی کردەوە کە دەستگیرکردنی ئەو پەرلەمانتارە تۆمەتبارانە تەنها دوای هەڵگرتنی پارێزبەندییەکەیان بووە و وەک وەڵامدانەوەیەک بووە بۆ فەرمانە دادوەرییەکان.


PM:02:13:28/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 456 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت