عەباس عەراقچی و فوئاد حسێن باسیان لەدۆخی ئێستەی ناوچەکە کرد
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ یەکشەممە 28ی حوزەیرانی 2026، عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتە بەغدا و لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کۆبووەوە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا، دواین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە خرانەروو.
لە سەرەتای کۆنگرەکەدا، فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، ئێران وڵاتێکی دراوسێی گەورە و گرنگە و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات مێژوویی، ئایینی و ستراتیژین، ئاماژەی بەوەش کرد کە عێراق بەردەوام هەوڵی داوە جەنگ لە ناوچەکە دوور بخاتەوە و رێگەی دانوستان وەک تاکە چارەسەر دەبینێت، چونکە بەغدا پەیوەندییەکی هاوسەنگی لەگەڵ تاران و واشنتۆن هەیە.
وەزیری دەرەوەی عێراق نیگەرانیی وڵاتەکەی لەبارەی تێکچوونی دۆخی ئابووری نیشان دا و وتی: "داخستنی گەرووی هورمز یەکێک بوو لە هۆکارەکانی رێگری لە هەناردەکردنی نەوتی عێراق، ئەمەش کاریگەرییەکی گەورە و نەرێنی لەسەر ئابووریی وڵاتەکەمان دروست کردووە"، هەروەها سوپاسی هاوتا ئێرانییەکەی کرد بۆ بەردەوام ئاگادارکردنەوەی عێراق لە دۆخی جەنگ و دانوستانەکان.
لەلایەکی دیکەوە، عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد کە سەردانەکەی بۆ پیرۆزبایی بووە لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و هەڵگری پەیامی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق.
عەراقچی داوای لە ئەمریکا کرد کە فشار بخاتە سەر ئیسرائیل بۆ راگرتنی هێرشەکانی سەر لوبنان، هاوکات باسی لەوەش کرد کە ئێستا سەرقاڵی دانانی شێوازێکی نوێن بۆ بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز.
یەکێکی دیکە لە تەوەرە گرنگەکانی کۆبوونەوەکە، پرسی هەماهەنگی بووە بۆ رێورەسمی تەرمبەڕێکردنی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، کە بڕیارە لە مەزارگە پیرۆزەکانی عێراق بەڕێوە بچێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران دووپاتی کردەوە کە هەماهەنگییەکان لەگەڵ بەغدا بۆ داڕشتنی میکانیزمی ئەو رێورەسمە و بەردەوامیی هاوکارییەکان لە هەموو بوارەکاندا بەردەوام دەبن.
PM:12:30:28/06/2026
ئهم بابهته 132
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت