سەرۆک وەزیرانی عێراق: یەک ملیۆن پارچە زەوی نیشتەجێبوون بۆ هاوڵاتیان دابین دەکەین


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ شەممە 27ی حوزەیرانی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی سکای نیوز، چەندین دۆسیەی گرنگی پەیوەست بە کشانەوەی هێزە بیانییەکان، داهاتووی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا، کەرتی وزە و چاکسازییە ناوخۆییەکانی وڵاتەکەی خستەروو.


سەرۆک وەزیران رایگەیاند، مانگی ئەیلولی داهاتوو هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کۆتایی بە ئەرکە سەربازییەکانیان دێت و بە شێوەیەکی هەمیشەیی عێراق بەجێدەهێڵن، ئاماژەی بەوەش کرد کە سەردانەکەی بۆ واشنتۆن تەنها پرۆتۆکۆڵی نییە، بەڵکو راگەیاندنی قۆناغێکی نوێیە بۆ گۆڕینی هاوبەشی سەربازی بۆ هاوبەشییەکی ئابووری بەردەوام لە رێگەی وەبەرهێنان و گەشەپێدانەوە.

عەلی زەیدی ئاشکرای کرد، وەزارەتەکانی وزە و پەیوەندییەکانیان راسپاردووە تا پێشینە بدەن بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان، باسی لەوەش کرد کە رەزامەندی دراوە بە کارکردنی کۆمپانیاکانی وەک (شیڤرۆن، هالیبێرتۆن و HKN) لە کێڵگە نەوتییەکاندا، هەروەها هەنگاو بەرەو هاوبەشی ستراتیژی لەگەڵ ستارلینک نراوە بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی دیجیتاڵی عێراق، وتیشی: "ئامانجمان ئەوەیە لە سێ ساڵی داهاتوودا بەرهەمهێنانی نەوت بگەیەنینە 7 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا".

سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەکرد، کە حکومەتی عێراق کار لەسەر دامەزراندنی سندوقێکی وزە و گەشەپێدان دەکات کە داهاتەکەی لە رۆژێکدا لە نێوان 500 هەزار بۆ 2 ملیۆن بەرمیل نەوت دەبێت، زەیدی پێشبینی دەکات توانای دارایی ئەم سندوقە لە ماوەی سێ دەیەدا بگاتە 400 ملیار دۆلار، کە تایبەت دەکرێت بە ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانە زیانلێکەوتووەکانی عێراق کە بەهۆی جەنگەکانی ساڵی 1980 و شەڕی داعشەوە وێران بوون.

زەیدی جەختی کردەوە کە گفتوگۆی قوڵیان لەگەڵ گروپە چەکدارەکان ئەنجامداوە و پێیان راگەیاندوون کە بوونی چەک لە دەرەوەی دەوڵەت قبوڵکراو نییە، راشیگەیاند کە کار بۆ سازکردنی کۆنفرانسی سەروەری دەکەن تا جەخت بکەنەوە بڕیاری عێراق تەنها لە دەستی عێراقییەکان خۆیاندا دەبێت و وڵات نابێتە گۆڕەپانی ململانێی لایەنە دەرەکییەکان.

ناوبراو بەڵێنی دا کە یەک ملیۆن پارچە زەوی نیشتەجێبوون بۆ هاوڵاتیان دابین بکەن، لە دۆسیەی گەندەڵیشدا رایگەیاند، لیژنەیەکی ناوەندییان پێکهێناوە بۆ وردبینیکردن لەو گرێبەستانەی بڕەکەیان لە 25 ملیار دینار زیاترە، هەروەها رەشنووسی یاسایەکیان رەوانەی پەرلەمان کردووە بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی چاودێری وردبینی پێشوەختە لە هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا تا رێگری لە بەهەدەردانی پارەی گشتی بگرن.


PM:01:51:27/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 120 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت