حکومەتی عێراق چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد
وێستگەنیوز-
ئێوارەی شەممە 20ی حوزەیرانی 2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا بە سەرۆکایەتی عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆمەڵێک بڕیاری لەبارەی دۆخی کارەبا، پڕۆژە وەبەرهێنانەکان و پشووی فەرمی دەرکرد.
بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆک وەزیران، لە کۆبوونەوەکەدا، عەلی زەیدی جەختی لە پێویستی باشترکردنی دۆخی کارەبا و چارەسەرکردنی گرفتە تەکنیکییەکان کردەوە.
لە بڕیارە گرنگەکاندا هاتووە، بۆ مانگەکانی تەممووز و ئاب، حکومەت بۆ هەر کەیڤیئەیەک (KVA) بڕی 45 لیتر گازوایل بە خۆرایی دەداتە خاوەن موەلیدە ئەهلییەکان، ئەمەش بەو مەرجەی رۆژانە کەمتر لە 20 کاتژمێر کارەبا بە هاوڵاتیان نەدەن، هەروەها دەسەڵات دراوە بە حکومەتە خۆجێیەکان کە بە هەماهەنگی ئاسایشی نیشتمانی نرخێکی گونجاو بۆ ئەمپێری کارەبا دیاری بکەن.
سەبارەت بە پشووی فەرمی، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی 25ی حوزەیرانی 2026، بەبۆنەی یادی عاشووراوە لە سەرجەم دامەزراوە حکومییەکاندا پشووی فەرمی بێت.
لە لایەکی دیکەوە، حکومەت بڕیاریدا هەموو گرێبەستە نوێیەکانی وەبەرهێنان لە وەزارەت و پارێزگاکان رابگرێت، بۆ ئەو پڕۆژانەشی کە پێشتر گرێبەستیان بۆ کراوە و دەستبەکار نەبوون، کۆمپانیاکان سەرپشک کراون لەوەی چاوەڕێی بودجە بکەن یان گرێبەستەکانیان هەڵبوەشێننەوە.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، رەزامەندی درا لەسەر پڕۆژەیاسای دەستەی چاودێری نێوخۆیی فیدراڵی و بڕیاریش درا پڕۆژەیاسای هەمواری یاسای فڕۆکەوانی شارستانی لە پەرلەمان بکشێنرێتەوە، لە رووی ژینگەییشەوە، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران راسپێردرا بۆ رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی و لەناوبردنی گیای گوڵی نیل لە رووبارەکاندا.
AM:09:16:21/06/2026
ئهم بابهته 612
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت