عەلی زەیدی پێنج رێنمایی توند بۆ دەروازە سنوورییەکان دەردەکات
وێستگەنیوز-
عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق زنجیرەیەک رێنمایی نوێ و بەپەلەی سەبارەت بە چۆنیەتی کارکردن لە دەروازە سنوورییەکان و گومرگەکان دەرکرد، بەپێی بڕیارە نوێیەکان، پێویستە لە ماوەی 48 کاتژمێردا سەرجەم کارمەندانی دەروازەکان بەبێ جیاکاری شوێنی کارەکانیان پێ بگۆڕدرێت و دەستەی دەروازە سنوورییەکانیش راپۆرتی جێبەجێکردنی فەرمانەکە پێشکەش بکات.
لە نووسراوێکی فەرمیدا کە ناوەڕۆکەکەی گەیشتووەتە دەست وێستگەنیوز، هاتووە کە دەبێت سەرجەم ئەو ئەفسەر، کارمەند و فەرمانبەرانەی کە لە وەزارەتەکانی دیکەوە بۆ دەستەی دەروازەکان راسپێردراون، لە ماوەی 48 کاتژمێردا کۆتایی بە راسپاردنیان بهێندرێت و بگەڕێنەوە بۆ سەر میلاکی وەزارەتی ناوخۆ.
هەر بەپێی رێنماییەکان، فەرماندەیی هێزەکانی سنوور پابەند کراوە بە داخستنی سەرجەم ئەو کەلێن و رێگە لاوەکییە نایاساییانەی کە لە سنوورە وشکانی و دەریاییەکاندا هەن، هاوکات فەرمانی گۆڕینی شوێنی کارکردنی سەرجەم فەرماندەی لیوا و یەکەکانی سنووریش دراوە.
لە لایەکی دیکەوە، دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان و پۆلیسی گومرگ و ماددە هۆشبەرەکان راسپێردراون کە رۆڵی خۆیان لە ناو دەروازەکاندا چالاک بکەن و رێگری بکەن لە تێپەڕبوونی چەک و تەقەمەنی و ماددەی هۆشبەر، بەپێی بڕیارەکە ئەم دەزگایانە بەرپرسیارێتی یاسایی هەر کێشەیەکی ئەمنی یان تێپەڕبوونی نایاسایی هەڵدەگرن و دەبێت راپۆرتی راستەوخۆ بۆ بەڕێوەبەری دەروازەکە بەرز بکەنەوە.
لە کۆتا بڕگەی رێنماییەکاندا جەخت کراوەتەوە کە فەرمانبەرانی گومرگ دەبێت پشکنینی ورد بۆ سەرجەم ئەو کاڵایانە بکەن کە هاوردە دەکرێن و رێگە نەدەن هیچ بارهەڵگرێک تێپەڕێت تاوەکو دوای ئەنجامدانی پشکنینی تەواو و وردبینیکردن لە زانیارییەکانی بارەکە.
PM:01:41:19/06/2026
ئهم بابهته 696
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت