راگەیەندراوی هاوبەش لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عێراق و تۆم باراک
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ سێشەممە 16ی حوزەیرانی 2026، لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و تۆم باراک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، دووپاتیان کردەوە کە هەردوو وڵات کاردەکەن بۆ دامەزراندنی هاوبەشییەکی ستراتیژی بەهێز کە لە بەرژەوەندی هەردوو گەلدا بێت، بە ئامانجی بەدیهێنانی سەروەری و ئاسایش و خۆشگوزەرانی بۆ عێراق.
بەپێی راگەیەندراوەکە، تۆم باراک خواستی دۆناڵد ترەمپی گەیاندووەتە عەلی فالح زەیدی بۆ پێشوازیکردن لێی لە کۆشکی سپی لە ناوەڕاستی مانگی تەمموزی داهاتوودا، بە مەبەستی تاوتوێکردنی داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و بەغدا.
لە بەشێکی تری راگەیەندراوەکەدا هاتووە، حکومەتی عێراق کاردەکات بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانی داماڵینی چەک و هەڵوەشاندنەوەی تەواوی ئەو گروپ و پێکهاتە چەکدارانەی لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت کاردەکەن، ئامانج لەم هەنگاوە هێڵانەوەی چەکە لە دەستی دەوڵەت و سەپاندنی سەروەری تەواو، بۆ ئەوەی عێراق لە ململانێکان دووربخرێتەوە و خاکەکەی نەبێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر ئاشتی ناوچەکە.
سەبارەت بە لایەنی ئابووری و وەبەرهێنان، سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی لە قووڵکردنەوەی پەیوەندییە بازرگانییەکان کردەوە، لەو چوارچێوەیەدا عێراق مۆڵەتی کارکردنی بە کۆمپانیای ستارلینک داوە بۆ دابینکردنی ئینتەرنێتی خێرا، هەروەها دانوستان لەگەڵ کۆمپانیای شیڤرۆن بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکانی نەوتی (روژئاوای قورنە-2 و ناسریە) دەستیپێکردووە.
هەروەها رێککەوتن کراوە کە کۆمپانیا ئەمریکییەکانی وەک (HKN، Western Zagros، Hunt) بە گەرەنتی ئەمنییەوە دەست بە کارەکانیان بکەنەوە، هاوکات یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن لەگەڵ کۆمپانیای (TI Capital) واژۆ دەکرێت بۆ نۆژەنکردنەوەی هێڵی بۆری کەرکوک - بانیاس وەک رێڕەوێکی گرنگی هەناردەکردنی نەوت.
لە کۆتاییدا هەردوولا جەختیان لە گرنگی پاڵپشتیکردنی عێراقێکی فیدراڵ و دیموکراسی و یەکگرتوو کردەوە، کە لەسەر بنەمای دامەزراوە دەستوورییەکان یەکسانی بۆ هەموو هاوڵاتیان دابین بکات و سەقامگیری ناوچەکە بەهێزتر بکات.
AM:09:14:16/06/2026
ئهم بابهته 556
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت