ئاسایشی نیشتمانیی عێراق پیلانێکی تیرۆرکردنی سەرۆکی دەزگاکەی پووچەڵکردەوە
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ هەینی 12ی حوزەیرانی 2026، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، کە هێزەکانیان بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی عەبدولکەریم بەسری، سەرۆکی دەزگاکە، توانیویانە پیلانێکی تاوانکاریی مەترسیدار لە بەغداد پووچەڵ بکەنەوە.
بەپێی زانیارییەکانی دەزگاکە، لە پشت ئەم پیلانەوە شانەیەکی سەر بە کۆبوونەوەی نیشتمانیی عێراقی بۆ رزگاری و گۆڕان وەستابوو، کە وەک یەکێک لە رووکارەکانی حزبی بەعسی قەدەغەکراو ناسێنراوە، پووچەڵکردنەوەی پیلانەکەش دوای هەوڵێکی چڕی هەواڵگری و چاودێریکردنی وردی ئەندامانی ئەو گرووپە هاتووە.
لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە ئەندامانی ئەم شانەیە قۆناغی هەڕەشەکردنیان تێپەڕاندووە و گەیشتوونەتە قۆناغی راسپاردن و دیاریکردنی ئامانجەکان و دابینکردنی چەک بۆ ئەنجامدانی کردەوە تیرۆریستییەکان، ئامانجی سەرەکیی پیلانەکەش تیرۆرکردنی عەبدولکەریم بەسری سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، گوتەبێژی فەرمیی دەزگاکە، بەڕێوەبەری ئاسایشی بەغداد و ژمارەیەک لە ئەفسەرانی باڵا بووە.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی ئاماژەی بەوەش کردووە، کە لە رێگەی هەنگاوێکی پێشوەختە و بە رەزامەندیی دادوەری، توانیویانە شوێنی ئەندامانی شانەکە بدۆزنەوە و دەستگیریان بکەن، هەروەها پێش ئەوەی تۆمەتباران بگەنە قۆناغی کۆتایی کارەکانیان، دەست بەسەر هەموو ئەو بەڵگە و چەکانەدا گیراوە کە بۆ جێبەجێکردنی پیلانەکە ئامادەکرابوون.
PM:06:02:12/06/2026
ئهم بابهته 392
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت