کۆتا تەرمی رووداوەکەی رووباری دیجلە دۆزرایەوە


وێستگەنیوز-

فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای سەڵاحەدین دۆزینەوەی تەرمی کۆتا قوربانی ڕووداوی خنکانی دوو خێزانی لە ڕووباری دیجلە ڕاگەیاند. بەپێی زانیارییە کۆتاییەکان، لەو ڕووداوەدا 7 کەس گیانیان لەدەستداوە و 6 کەسی دیکەش لەلایەن تیمەکانەوە ڕزگارکراون.

ڕاگەیاندنی پۆلیسی سەڵاحەدین بڵاویکردەوە، پاش گەڕانێکی بەردەوامی تیمەکانی دەریاوانی لە شەوی ڕابردووەوە، توانرا تەرمی حەوتەمین کەس بدۆزرێتەوە کە دوێنێ لە ڕووباری دیجلەدا خنکا بوو، بەمەش کۆی ژمارەی قوربانیانی ڕووداوەکە گەیشتە 7 کەس و 6 کەسی دیکەش بە زیندویی ڕزگارکران.

لە ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیسدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەو تەرمەی لە درەنگانی شەوی ڕابردوودا لەناو ڕووبارەکەدا دەرهێنراوەتەوە، پیاوێکی تەمەن 46 ساڵە کە یەکێک بووە لە قوربانیانی ئەو ڕووداوە ناخۆشە.

پێشتر فەرماندەیی پۆلیسی سەڵاحەدین ڕوونی کردبووەوە، دوو خێزانی دانیشتووی ناوچەی مەدائین بە مەبەستی گەشت و سەیران چوونەتە نزیک ڕووباری دیجلە، دوای ئەوەی دوو منداڵیان بۆ مەلەکردن چوونەتە ناو ئاوەکەوە، کەسوکارەکانیان کە پێکەوە 13 کەس بوون بۆ ڕزگارکردنیان چوونەتە ناو ڕووبارەکە، بەڵام بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوەکە، ژمارەیەکیان نەیانتوانیوە خۆیان ڕزگار بکەن و ئاو بردوونی.

ماوەی دوو ڕۆژە تورکیا بڕێکی زۆر لە ئاوی بەنداوەکانی بەرداوەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی لەناکاوی ئاستی ئاو لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق. بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوەکە تەنها دیجلەی نەگرتووەتەوە، بەڵکو ئاستی ئاوی هەردوو ڕووباری دیجلە و فورات بەهۆی ئەو ڕێکارەی تورکیاوە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.


PM:02:34:30/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 184 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت