هادی عامری: حەشدی شەعبی دەستەیەکی یاساییە و هەڵوەشاندنەوەی خەونێکە کە هەرگیز نابێتە راستی


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ شەممە 23ی ئایاری 2026، هادی عامری، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە رۆژنامەنووسانی رایگەیاند "لەگەڵ مەسرور بارزانی باسمان لە چۆنیەتی پاڵپشتیکردنی حکومەتی نوێی عێراق کرد بۆ تێپەڕاندنی ئاڵنگارییە سەختەکان".


ئاماژەی بەوەکرد، "هەوڵەکانمان بەردەوامن بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی عێراق دوای پشووەکانی جەژن، تاوەکو پرۆسەی سیاسی بە ئاراستە دروستەکەیدا بڕوات".

لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی هادی عامری وتی، "حەشدی شەعبی دەستەیەکی یاساییە و بە یاسای پەرلەمان و فەتوای مەرجەعییت پێکهێنراوە هەڵوەشاندنەوەی ئەم دەستەیە خەونێکە هەرگیز نابێتە راستی".

باسی لە هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان کرد و ئاماژەی بەوەدا، "قسەمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە بۆ ئەوەی ئەو هێرشانە کۆتاییان بێت و چیتر دووبارە نەبنەوە".

وتیشی، "راگرتنی هەناردەی نەوت زیانی گەورەی بە ئابووریی عێراق بە گشتی گەیاندووە".


PM:11:27:23/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 316 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت