گۆڕانکاری لەتەمەنی خانەنشینیدا دەکرێت
وێستگەنیوز-
لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی
عێراق رایگەیاند کە هەوڵێکی یاسایی هەیە بۆ پێداچوونەوە بە یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو،
ئەمەش لە چوارچێوەی پاکێجێک لە پرۆژە و پێشنیازە یاساکاندایە کە لیژنەکە لە قۆناغی
ئێستادا کاری لەسەر دەکات.
محەمەد جاسم خەفاجی، ئەندامی
لیژنەی یاسایی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "لە دیارترین ئەو یاسایانەی
کاری لەسەر دەکرێت، یاسای خزمەت و خانەنشینیی گشتییە، کە گفتوگۆکانی پەرلەمان بەو
ئاراستەیەن تەمەنی خانەنشینی بۆ 63 ساڵ بگەڕێندرێتەوە، لەگەڵ چارەسەرکردنی دۆخی
خاوەن ئەزموون و تواناکان بۆ ئەوەی زۆرترین کات لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا سوودیان
لێ ببینرێت".
ئاماژەی بەوەش کرد،
وردەکاریی کۆتایی هەموارەکە دوای خوێندنەوەی یەکەم لە ئەنجومەنی نوێنەران ڕوون دەبێتەوە
و پەسەندکردنیشی پەیوەستە بە کات، تەرخانکراوە داراییەکانی حکومەت، و ڕێککەوتنی
فراکسیۆنەکان.
لە لایەکی دیکەوە، سائیر
کەعبی، ئەندامی هەمان لیژنە ڕوونیکردەوە، چەند پێشنیازێک لەلایەن پەرلەمانتارانەوە
بۆ هەموارکردنی یاساکە و گەڕاندنەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ 63 ساڵ پێشکەش کراون و هێشتا
لەژێر لێکۆڵینەوەدان.
ئەوەشی خستەڕوو،
"ئەم هەموارە دوو لایەن لەخۆدەگرێت؛ یەکەمیان بۆ ئەو فەرمانبەرانەیە کە درەنگ
دامەزراون و ئەو سێ ساڵە یارمەتیدەر دەبێت بۆ تەواوکردنی مەرجەکانی خانەنشینی یان
وەرگرتنی پاداشتی کۆتایی خزمەت، لایەنی دووەمیش پەیوەستە بە مەترسیی کەمبوونەوەی هەلی
کار بۆ گەنجان بەهۆی بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشینییەوە، کە ئەمەش پێویستی بە
دروستکردنی هاوسەنگییە لەنێوان مافی فەرمانبەران و دەرچووانی نوێدا".
بەپێی وتەی ئەو پەرلەمانتارە،
یەکێک لە بژاردە پێشنیازکراوەکان ئەوەیە، لە بەرامبەر پێدانی لێبڕینەکانی خانەنشینی
بۆ ماوەی سێ ساڵ، ئەو ماوەیە بۆ خزمەتی فەرمانبەرەکە هەژمار بکرێت، کە ئەم بابەتەش
هێشتا لەناو لیژنەی یاساییدا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.
AM:11:07:18/05/2026
ئهم بابهته 928
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت