عەلی زەیدی: بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە پێشینەی کارەکانمانە


وێستگەنیوز-

سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە یەکەم وتاری فەرمیدا دوای وەرگرتنی متمانەی پەرلەمان، کارنامە و لەپێشینەکانی حکومەتەکەی ڕاگەیاند و جەختی لە ئەنجامدانی چاکسازیی ئابووری و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی کردەوە.

عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، لەپێشینەی کارەکانیان جێبەجێکردنی بەرنامەیەکی چاکسازیی ئابووری و دارایی گشتگیرە بە ئامانجی بونیادنانی ئابوورییەکی نیشتمانیی بەهێز کە تەنها پشت بە یەک سەرچاوەی داهات نەبەستێت، بەڵکو کەرتەکانی پیشەسازی، کشتوکاڵ، گەشتوگوزار و وەبەرهێنان ببوژێنێتەوە و ڕۆڵی کەرتی تایبەت کارا بکات. هەروەها، جەختی لە پاراستنی ماڵی گشتی و بەرەنگاربوونەوەی توندی هەموو جۆرەکانی گەندەڵی کارگێڕی و دارایی کردەوە، کە بەوتەی ئەو بووەتە ئاستەنگی گەورە لەبەردەم گەشەپێدان و پەکخستنی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، زەیدی پابەندبوونی حکومەتەکەی بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، بەتایبەت تەندروستی، پەروەردە و ژێرخانی کارەبا، ئاو، ڕێگاوبان و نیشتەجێبوون دووپات کردەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، گەنجان گەورەترین سامانی وڵاتن و کەمکردنەوەی بێکاری و ڕەخساندنی هەلی کار لە ئەولەویەتەکانیان دەبێت. لە کۆتاییشدا، جەختی لە پاراستنی سەروەریی عێراق و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیهان کردەوە، و سوپاسی مەرجەعیەتی باڵا و سەرجەم هێزە سیاسییەکانی کرد بۆ پشتیوانییان لە پێکهێنانی حکومەت.


PM:02:53:16/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 212 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت