دووەم دانیشتنی دادگاییکردنی عەجاج بەڕێوەدەچێت و چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی دەکرێت


وێستگەنیوز- سازگار ئەحمەد

سبەینێ پێنجشەممە 14ی ئایاری 2026، دووەم دانیشتنی دادگاییکردنی عەجاج ناسراو بە "جەلادی ئەنفالکراوان" لە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق بەڕێوەدەچێت.


لەوبارەیەوە ئەیاد کاکەیی، پارێزەری دۆسییەی عەجاج بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "سبەینێ کاتژمێر 10:00ی بەیانی دووەم دانیشتنی دادگاییکردنی عەجاج لە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لە رەسافە بەڕێوەدەچێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، "لە دانیشتنی یەکەمی دادگادا کە رۆژی 7ی ئایاری 2026، بەڕێوەچوو سکاڵاکاران وتەیان لێوەرگیرا و بەشێوەیەکی زۆرباش وتەی خۆیان بە دادگا دا، وتەی سکاڵاکاران بۆ دادگای سەلماند کە عەجاج تاوانەکانی کوشتن، ئەشکەنجەدان، برسیکردن و دەستدرێژی بۆ سەر ژنان ئەنجام داوە".

ئەیاد کاکەیی وتی، "لە دانیشتنی یەکەمدا دادگا بە عەجاجی وت کە لە دانیشتنی دووەمدا گوێ لە وتەکانت دەگیرێت، واتە سبەینێ دادگای وتەی عەجاج وەدەگرێت".

وتیشی، "سبەینێ دادگا بەپێی مادەی 12 کە تاوانەکانی دژە مرۆڤایەتیی لەخۆی دەگرێت لە یاسای سزادانی عێراق وتە لە عەجاج وەردەگرێت، هەروەها سبەینێ بوار بە پارێزەرەکان دەدرێت پرسیار ئاڕاستەی عەجاج بکەن".

لەبارەی ئەوەی تاچەند ئەگەر هەیە سبەینێ دادگا بڕیاری کۆتایی لەسەر عەجاج بدات ئەیاد کاکەیی لە وەڵامدا ئاماژەی بەوەدا، "ئەگەری زۆرە سبەینێ دادگا کۆتایی بە دادگاییکردنەکە بهێنێت و بڕیاری کۆتایی خۆی رابگەیەنێت".

رۆژی 31ی تەموزی 2025 دەستگیرکردنی عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی راگەیەندرا کە بە "جەلادی ئەنفالکراوان" ناسراوە، ئەو تاوانانەی ئاراستەی کراون پەیوەندیدارن بە شەهیدکردنی ئەنفالکراوان لە گرتووخانەی نوگرەسەلمان لە پارێزگای موسەنا، لەو کاتەی کە بەرپرسی زیندانی نوگرە سەلمان بووە.


AM:10:34:13/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 328 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت