وەزارەتی نەوت: دوو کەشتی هەڵگری نەوتی عێراق گەرووی هورمزیان تێپەڕاندووە


وێستگەنیوز-

بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشکرایدەکات کە لەم مانگەدا دوو کەشتی هەڵگری نەوتی عێراق گەرووی هورمزیان تێپەڕاندووە. دەشڵیت ئەگەر گەرووەکە بکرێتەوە، هەناردەی نەوت دەگاتە سێ ملیۆن بەرمیل.

رۆژی سێشەممە 12ی ئایاری 2026، باسم محەمەد خزەیر، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق لە لێدوانێکی میدیاییدا رایگەیاند، ئێستا هەناردەی نەوت تەنیا لە رێگەی بۆریی هەرێمی کوردستانەوە دەکرێت کە بڕەکەی نزیکەی 200 هەزار بەرمیلە، لەگەڵ "بڕێکی کەم" لە رێگەی گەرووی هورمزەوە.

وتیشی، "لەم مانگەدا دوو کەشتی کە نەوتی عێراقیان هەڵگرتبوو بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیون، دوایین دانەیان رۆژی یەکشەممە یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی لە بەسرە بارکرد."

باسم محەمەد ئاماژەی بەوەشدا، "ئەگەر گەرووی هورمز بکرێتەوە، لە ماوەی هەفتەیەکدا دەتوانن بگەینەوە بە توانای هەناردەی سێ ملیۆن بەرمیل. کێشەکە ئەوەیە کە خاوەن کەشتییەکان ئێستا ناتوانن سەرکێشی بە کەشتییەکانیانەوە بکەن و نەوت بە گەرووەکەدا بار بکەن."

سەبارەت بە هێڵی بۆریی نەوتی کەرکوک – جەیهان وتی، "هێشتا خەریکی چاککردنەوەی بۆرییەکەین لەبەر ئەوەی کێشەی زۆری تێدایە، رەنگە مانگێکی دیکە کارەکانی تەواوبن."


AM:10:05:12/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 248 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت