بەغدای توڕە کردوە.. ئیسرائیل وردەکاریی ئۆپراسیۆنە نهێنییەکەی لە عێراق ئاشکرا دەکات
وێستگەنیوز-
ڕۆژنامەی "جیرۆزالیم
پۆست"ی ئیسرائیل، زانیاری نوێ و جیاوازی سەبارەت بە ئۆپراسیۆنە نهێنییەکانی
سوپای ئیسرائیل لە ناو خاکی عێراق ئاشکرا کرد، کە گرتنەبەری یەکە تایبەتەکان بووە
لە کاتی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکاندا لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دژی ئێران.
ڕۆژنامەکە لە ڕاپۆرتێکدا
ئەمڕۆ 10ی ئایار ئاماژەی بەوە کردووە کە یەکەکانی فریاگوزاری تایبەت
بە سوپای ئیسرائیل بە نهێنی لە ناو خاکی عێراق جێگیر کراون، بە مەبەستی دەستێوەردانی
خێرا بۆ ڕزگارکردنی هەر فڕۆکەوانێکی ئیسرائیلی کە ناچار بێت بنیشێتەوە یان فڕۆکەکەی
بخرێتە خوارەوە لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکە سەربازییەکان دژی ئێران.
ڕۆژنامەکە جەختی کردووەتەوە
کە پێشوەختە ئاگاداری بوونی "هێزێکی بچووکی ئیسرائیلی لەسەر زەوی" بووە
لە ناو عێراق، بەڵام لەو کاتەدا بەهۆی سانسۆری سەربازییەوە خۆی لە بڵاوکردنەوەی
زانیارییەکان پاراستووە. ڕوونیشیکردووەتەوە کە ئەم وردەکارییانە دوای ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی
"ۆڵستریت جۆرناڵ" و ئەو توڕەییەی کە لە ناو حکومەتی عێراق لە بەغدا
دروست بوو، ئاشکرا بوون.
ڕاپۆرتەکەی جیرۆزالیم
پۆست دەڵێت ئەمە یەکەمجار نییە ئیسرائیل لە ناو خاکی عێراق کار بکات و ئاماژەی بەوە
کردووە: "ئیسرائیل هەندێک جار ڕێگەی بە سوپا داوە هێرشی سنووردار بکاتە سەر ئەو
هێزە ئێرانیانەی هەوڵیان دەدا خاکی عێراق بەکاربهێنن بۆ جێگیرکردنی مووشەکەکانیان
دژی تەلئەبیب".
لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژنامەی
"مەعاریف"ی عیبری پەردەی لەسەر نهێنییەکانی ئەو شوێنە لادا کە ناوی ناوە
"بنکەی نهێنی ئیسرائیل لە بیابانی عێراق" و ئاماژەی بەوە کردووە کە یەکەکانی
"کۆماندۆ" لەوێ بوون و ئەرکی جۆراوجۆریان پێ سپێردراوە.
بەپێی زانیارییەکانی ئەم
ڕۆژنامەیە سوپای ئیسرائیل بنکەکەی بە یەکەی پزیشکیی فریاگوزاری و تیمی نەشتەرگەری
پێشکەوتوو تەیار کردووە بۆ چارەسەرکردنی فڕۆکەوان یان شەڕکەرە بریندارەکان.
باڵی حەوتەمی هێزی
ئاسمانی کە باڵە کە بەرپرسە لە هەماهەنگی یەکە تایبەتەکان، زۆربەی هێزە پیادەکانی
لەو بنکەیەدا جێگیر کردووە.
ڕۆژنامەی مەعاریف
ئاشکرای کردووە کە لە کۆتایی ئەرکی بنکەکەدا، ڕووداوێکی ئەمنی مەترسیدار ڕوویداوە
کە تەنها زیانی مادی بە دوو هێلیکۆپتەر گەیاندووە. ڕووداوەکە کاتێک بووە کە یەکێک
لە هێلیکۆپتەرەکان لە کاتی بەرزبوونەوەیدا بەهۆی گەردەلوولی خۆڵ و خراپی بینینەوە،
کۆنترۆڵی لەدەستداوە و وەرگەڕاوە و بەر هێلیکۆپتەرێکی دیکە کەوتووە.
هێلیکۆپتەرە وەرگەڕاوەکە
زیانی زۆری بەرکەوتووە و گواستراوەتەوە بۆ بنکەی "تەل نۆف" لە ئیسرائیل،
بەڵام هێلیکۆپتەری دووەم لە شوێنی خۆی لەلایەن تیمە تەکنیکییەکانەوە چاککراوەتەوە.
جێی وەبیرهێنانەوەیە ڕۆژنامەی
"ۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی ڕۆژی شەممە ڕایگەیاندبوو کە ئیسرائیل پێگەیەکی
سەربازی نهێنی لە بیابانی عێراق بۆ پشتگیریکردنی جەنگەکەی دژی ئێران لە 28ی شوباتی 2026 دروست کردووە، و ئاماژەی بەوەش
کردبوو کە ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر ئەو هێزە عێراقییانەی لەو کاتەدا لە بنکەکە
نزیک ببوونەوە.
PM:03:21:10/05/2026
ئهم بابهته 140
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت