وێستگەنیوز دوایین زانیارییەکان لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و کاندیدانی بەشێک لە وەزارەتەکان دەخاتەڕوو


وێستگەنیوز- سازگار ئەحمەد

ئەمڕۆ یەکشەممە 10ی ئایاری 2026، ئەحمەد حاجی رەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "ئامادەکارییەکان بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ متمانەدان بە کابینەکەی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو کراوە، تەنها هەندێک کاری هونەری ماوە تەواو بکرێت".


ئاماژەی بەوەکرد، "ئەوەی تائێستا گرفت بێت بەسرە داوای وەزیری نەوت دەکات، هەروەها بەنیازن هەندێک وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری وەزارەتەکان دانێن، بەڵام تائێستا نەگەیشتوونەتە ئەنجام".

ئەحمەد حاجی رەشید وتی، "لە %90 کاروبارەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق تەواو بووە، تەنها تاوتوێکردنی ئەو رەخنە و پێشنیازانە ماوە کە ئێمە ناردوومانە و بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەک پێکدەهێنرێت بۆ تاوتوێکردنە رەخنە و پێشنیازەکان".

بەپێی زانیارییەکان، ناوی کاندیدانی بەشێک لە وەزارەتە خزمەتگوزاریەکان یەکلاییکراونەتەوە، بەڵام هێشتا کاندیدانی وەزارەتە باڵاکان یەکلایی نەبووەتەوە بەهۆی ئەوەی هێشتا لەنێوان سوننە و شیعەکان رێککەوتن نەکراوە.

هەروەها پۆستی سەرۆک وەزیران و سێ جێگرەکەی یەکلا کراونەتەوە، شیعەکان موحیسین مەندەڵاوی و لە پشکی کوردیش فوئاد حسێنە، بەڵام تا ئێستا سوننە کاندیدی خۆیان بۆ پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران دیارینەکردووە.

هاوکات لە پشکی شیعەش، باس لەدانانی محەمەد ساحب دەراجی دەکرێت بە وەزیری دارایی لەگەڵ عومەر وائیلی بە وەزیری ناوخۆ و عەبدولحسێن موسەویش وەک وەزیری تەندروستی، ئەحمەد ئەسەدیش وەک وەزیری کار.

لە پشکی کورد ناوی چەند کەسێک دەهێنرێت، بەڵام تائێستا بە فەرمی رانەگەیەندراون، بۆ وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون کە لە پشکی پارتییە، ناوی نەوزاد هادی دەهێنێرێت وەک کاندید، رێبەر ئەحمەدیش لە پشکی هەمان حزب دیاریکراوە وەک وەزیری دەرەوە، نەوەی نوێش سروە عەبدولواحیدی کاندیدکردووە بۆ وەزیری ژینگە، خالید شوانی لە پشکی یەکێتی، کاندیدە بۆ وەزیری داد.

باس لە میقداد جومەیلی وەک وەزیری پەروەردە و محەمەد نوری وەک وەزیری پیشەسازی دەکرێت کە پشکی شیعەن.

رۆژی پێنجشەممە 7ی ئایاری 2026، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی عێراق کارنامەی حکومەتەکەی رادەستی هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کرد و بڕیارە لەم هەفتەیە پەرلەمان کۆبێتەوە بۆ متمانەدا کابینەکەی عەلی زەیدی.


PM:02:40:10/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 388 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت