فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران گەیشتە بەغدا


وێستگەنیوز-


لەسەردانێکی چاوەڕواننەکراودا بەیانی ئەمڕۆ ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بۆ دیدار لەگەڵ سەرکردەکانی شیعە گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق.

سەبارەت بە هۆکاری سەردانەکەی قائانی، سەرچاوەیەکی سیاسی، ڕۆژی یەکشەممە ئاشکرای کرد کە ئێران سەبارەت بە ڕاسپاردنی "عەلی زەیدی" بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق تێبینی و ناڕەزایەتییەکی هەبووە، هەر ئەمەش هۆکاری ناردنی ئیسماعیل قائانی بووە بۆ بەغدای پایتەخت.

بەپێی زانیارییەکانی وێستگەنیوز، قائانی لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا گەیشتووەتە بەغدا و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی و هەروەها سەرکردەی هەندێک لە گرووپە چەکدارەکان ئەنجام داوە.


سەردانی قائانی هاوکاتە لەگەڵ جموجۆڵە سیاسی و پەرلەمانییەکان بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنی متمانەدان بە حکومەتەکەی زەیدی لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا.

بەپێی سەرچاوەکە، کۆبوونەوەکان تیشکیان خستووەتە سەر پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی، بەڵام تا ئێستا هیچ ئەنجامێکی ئەو کۆبوونەوانە دەرنەکەوتووە و هەڵوێستی کۆتایی ئێران بەرامبەر بە زەیدی هێشتا نادیارە.

چاودێرانی سیاسی پێیانوایە هۆکاری ناڕەزایەتی و تێبینییەکەی ئێران لەسەر ڕاسپاردنی زەیدی بۆ پێکهێنانی حکومەت، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پشتگیرییە ئەمریکییە گەورەیەی کە لێی دەکرێت؛ ئەمەش لە تاران وەک ئاماژەیەک بۆ کەمکردنەوە و سنووردارکردنی هەژموونی ئێران لە بەغدا لێکدراوەتەوە.


AM:11:53:10/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 504 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت