وەزارەتی دارایی عێراق: دوو مانگی یەکەمی ئەمساڵ 2 تریلیۆن دینارمان بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە


وێستگەنیوز-

وەزارەتی دارایی عێراق ئاماری کۆتایی داهات و خەرجییەکانی دوو مانگى یەکەمى ئەمساڵی بڵاوکردەوە و ئاشکرای دەکات، دوو تریلیۆن و 147 ملیار دینار کورتهێنانى دارایی هەبووە.


بەپێی ئەو ئامارەبێت کە وەزارەتی دارایی عێراق بڵاویکردووەتەوە، لەو دوو مانگەدا کۆی داهاتى وەزارەتی دارایی عێراق 15 تریلیۆن و 855 ملیار دینار بووە، لە بەرامبەردا خەرجییەکان گەیشتوونەتە 17 تریلیۆن و 855 ملیار دینار بەوەش دوو تریلیۆن و 147 ملیار دینار کورتهێنانی هەبووە.

ئاماژە بەوەکراوە، داهاتی فرۆشتنی نەوت لە دوو مانگى ئەمساڵ 13 تریلیۆن و 127 ملیار دینار بووە و داهاتى نانەوتییش دوو تریلیۆن و 728 ملیار دینار بووە، هەروەها تەنیا ئاماژە بە ناردنى 120 ملیار دینار داهاتى نانەوتى هەرێمى کوردستان کراوە، لەکاتێکدا 240 ملیار دینار ڕەوانە کراوە.

وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، "خەرجییەکانی دوو مانگى یەکەمى ئەمساڵ بەم شێوەیە بەسەر دامەزراوە سەرەکییەکاندا دابەشبووە، بەشێوەیەک وەزارەتى دارایی چوار تریلیۆن و 289 ملیار دینار، وەزارەتى ناوخۆ دوو تریلیۆن و 213 ملیار دینار، مووچەى هەرێمى کوردستانیش دوو تریلیۆن و 60 ملیار دینار، هەروەها خەرجیی وەزارەتى پەروەردە یەک تریلیۆن و 842 ملیار دینار لە کاتێکدا خەرجیی وەزارەتى بەرگریى عێراق یەک تریلیۆن و 376 ملیار دینار بووە".

دەشڵێت، "بەهۆی ئەوەی عێراق بۆ ساڵی 2026 یاسای بودجەی نییە، تەمویلکردنی خەرجییەکان لەسەر بنەمای یاسای بودجەی 2025 بەردەوامە، تاوەکو حکومەتی نوێی عێراق پێکنایەت، پەرلەمان ناتوانێت داوای پڕۆژەیاسای بودجەی نوێ لە حکومەتی کاربەڕێکەر بکات، ئەمەش وایکردووە خەرجییەکان لە چوارچێوەی بودجەی ساڵی ڕابردوودا بمێننەوە".


PM:06:50:09/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 592 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو