عەلی زەیدی: حکومەتەکەم کۆتایی بە کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەهێنێت
وێستگەنیوز-
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 4ی ئایاری 2026، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک هەرێمی کوردستان لە بەغدا عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی عێراق بە رووداوی راگەیاند، "لە کۆبوونەوەم لەگەڵ سەرۆکی هەرێم لێکتێگەیشتنی باش هەبوو لەبارەی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، ئاسانکاریی کرا بۆ چارەسەرکردنیان. ئەو بابەتانەی ماون و پەیوەندیدارن، پشت بە خوا لەم حکومەتەدا یەکلایی دەکرێنەوە".
ئاماژەی بەوەکرد، "تاوتوێی بابەتی بەشداریی ئەوانمان (پارتی دیموکراتی کوردستان) کرد لە حکومەتی داهاتوودا و بە بەهێزی بەشدار دەبن، پێکەوە هاوکار دەبین لە بەڕێوەبردنی وڵات بە هەموو پێکهاتە، نەتەوە و مەزهەبەکانیەوە".
سەبارەت بە وادەی راگەیاندنی کابینە نوێیەکە، عەلی زەیدی وتی، "سەرەتا یان ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو کابینەکەم دەخەمە بەردەم پەرلەمانی عێراق".
لەبارەی پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەربژێری راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ باسی لەوەکرد، "لە حکومەتەکەم هەموو کێشەکانی پەیوەست بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر دەبن، ئەمە مووچەی گەل و مووچەی هاونیشتمانییانە، دروست نییە دوابکەوێت".
PM:10:03:04/05/2026
ئهم بابهته 288
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت