فوئاد حسێن: عێراق پشتیوانی لە چارەسەری ئاشتییانە شەڕی ئێران و ئەمریکا دەکات
وێستگەنیوز-
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حسێن، ئەمڕۆ هەینی بە هاوتا ئێرانییەکەی،
عەباس عێراقچی، راگەیاند کە عێراق پشتیوانی لە چارەسەری ئاشتییانە دەکات بۆ کۆتاییهێنان
بە جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند،
"وەزیری دەرەوە فوئاد حسێن، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە عەباس عێراقچی هاوتا ئێرانییەکەیەوە
پێگەیشت و تێیدا جەختی لە پشتیوانی عێراق بۆ چارەسەری ئاشتییانە و بەهێزکردنی سەقامگیری
کردەوە."
بەپێی بەیاننامەکە، فوئاد حسێن بە هاوتا ئێرانییەکەی راگەیاندووە
کە "گەیشتن بە چارەسەرێکی کۆتایی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە گرنگە"،
ئاماژەی بەوەش کردووە کە "بەردەوامیی ململانێکان بووەتە هۆی دروستبوونی ناسەقامگیری
لە ناوچەکەدا." هەروەها جەختی کردەوە کە "عێراق یەکێک بووە لەو وڵاتانەی
بەهۆی لێکەوتەکانی جەنگ و بەردەوامییەکەیەوە زیانی زۆری بەرکەوتووە."
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند کە عێراقچی
پەیوەندی بە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ناوچەکەوە کردووە، لەوانە تورکیا، قەتەر،
سعودیە، میسر، عێراق و ئازەربایجان. عێراقچی لەو پەیوەندییانەدا ئاماژەی بەوە
کردووە کە "ناسەقامگیری ناوچەکە هۆکارەکەی دەستدرێژییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلە."
ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئاژانسی (ئیرنا)، رۆژی هەینی 1ی ئایار
رایگەیاند کە ئێران ئێوارەی پێنجشەممە دەقی نوێترین گەڵاڵەی دانوستانی خۆی، بۆ
دانوستان لەگەڵ ئەمریکا رادەستی پاکستان کردووە.
دوابەدوای ئەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، سەبارەت بە
نوێترین پێشنیازی ئێران سەبارەت بە دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتن رازی نییە. و بە
رۆژنامەنوسانی وت، "لە ئێستادا لە رێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ ئێران خەریکی
دانوستانین و پێشکەوتنمان لە گفتوگۆکاندا بەدەستهێناوە."
PM:08:45:01/05/2026
ئهم بابهته 248
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت