ئەگەر دوانەخرێت بڕیارە ئەمڕۆ چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر پرسی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبێتەوە


وێستگەنیوز- سازگار ئەحمەد

بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە 20ی نیسانی 2026، چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر پرسی دیاریکردنی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبێتەوە.


ئەمیندارێتى چوارچێوەى هەماهەنگى، بە فەرمی داواى لە سەرکردەکانى کردووە کە ئەمڕۆ لە نووسینگەى عەمار حەکیم، سەرۆکى رەوتى حیکمەى نیشتمانى ئامادەبن، کارنامەى ئەم کۆبوونەوەکە یەکلاکردنەوەى ناوی بەربژێرى سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراقە.

ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە دوای هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە 11ی نیسانی 2026، چوارچێوەی هەماهەنگی 4 جار هەوڵیداوە کۆببێتەوە تاوەکو کاندیدی سەرۆک وەزیران یەکلا بکاتەوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکییەکان لەسەر کاندیدەکان کۆبوونەوەکان ئەنجام نەدران.

کاوە عەبدولقادر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "تاوەکو رۆژی یەکشەممەی داهاتوو مۆڵەت هەیە کە چوارچێوەی هەماهەنگی کاندیدێک بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق دیاری بکات".

ئاماژەی بەوەشدا، "پێشبینی ئەوە دەکرێت ئەمڕۆ یان لە رۆژانی داهاتوو پێش ئەوەی وادە دەستوورییەکە کۆتایی بێت چوارچێوەی هەماهەنگی کاندید دیاری بکات".

کاوە عەبدولقادر باسی لەوەشکرد، "ئەو کەسەی کە رادەسپێردرێت کابینەی نوێی حکومەت پێکبهێنێت دەبێت لە ماوەی 30 رۆژدا ئەو کارە بکات و کابینەکەی بهێنیتە بەردەم پەرلەمانی عێراق بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت".

بەپێی دەستووری عێراق، سەرۆک کۆمار دەبێت لە ماوەی 15 رۆژدا دوای هەڵبژاردنی بەربژێری فراکسیۆنی گەورە بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕابسپێرێت.


AM:10:14:20/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 344 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو