حیزبی دەعوە: نوری مالیکی تاکە کاندیدی فەرمی و بەردەوامی چوارچێوەی هەماهەنگییە


وێستگەنیوز-

حیزبی دەعوەی ئیسلامی جەختی لەوە كردەوە، كە مالیكی هێشتا تاکە کاندیدی فەرمی چوارچێوەی هەماهەنگییە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكایەتیی حكوومەتی داهاتوو. هەموو ئەو دەنگۆیانەشی رەت كردەوە كە باس لە كشانەوە یان گۆڕینی دەكەن.

یەکشەممە، 19ـی نیسانی 2026، حزبی دەعوەی ئیسلامی، لە راگەیەنراوێکی فەرمیدا، پێنج خاڵی بنەڕەتی بڵاو كردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە دا، كە كاندیدكردنی نووری مالیكی بڕیارێكی دامەزراوەییە و تەنیا لە رێگەی میكانیزمە فەرمییەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە دەكرێت گۆڕانكاری تێدا بكرێت.

لە لایەکی ترەوە ئەحمەد سالم ساعدی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی حیکمە، ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە چوارچێوەی هەماهەنگی پێداگرە لەسەر بەستنی کۆبوونەوەی داهاتوو بۆ یەکلاکردنەوەی کاندیدی سەرۆکایەتی حکومەت، و ئاماژەی بەوەش کرد ئەگەر کۆبوونەوەکە دوا بخرێت، ئەوا "دواین دواخستن دەبێت".

ساعدی بە ئاژانسی شەفەق نیوزی ڕاگەیاند: "72 کاتژمێری داهاتوو یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ ڕێککەوتن لەسەر کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیران، کاتیش خەریکە فشار لەسەر سەرکردایەتی چوارچێوەی هەماهەنگی دروست دەکات بۆ یەکلاکردنەوەی بابەتەکە."

وتیشی: "چوارچێوەی هەماهەنگی لە هەر لایەنێکی تر زیاتر پابەندە بە ڕێزگرتن لە وادە دەستوورییەکان، و ناکرێت چاوپۆشی لەوە بکرێت کە وادە دەستوورییە ماوەکان پشتگوێ بخرێن."

ساعدی جەختی کردەوە: "ئیرادەیەک لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا هەیە بۆ بەستنی کۆبوونەوەی ڕۆژی دووشەممە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا، کە کۆبوونەوەیەکی یەکلاکەرەوە دەبێت، و ئەگەر کۆبوونەوەکە دواش بخرێت، ئەوا دەبێتە دواین جار."


PM:07:42:19/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 176 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت