"فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودس بۆ سێ پرس له به‌غدایه"
وێستگه‌نیوز –
دوو ئاژانسی جیهانی رایانگه‌یاند كه فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ تاووتوێكردنی سێ پرس له به‌غدایه و له‌گه‌ڵ سه‌ركره‌كانی چوارچێوه‌ی ھه‌ماھه‌نگی كۆبووه‌ته‌وه.
ئاژانسی فرانس پرێس له زاری به‌رپرسێكی باڵای عێراقییه‌وه بڵاویكرده‌وه كه رۆژی شه‌ممه ئیسماعیل قائانی فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، سه‌ردانی به‌غدای كردووه، بۆئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حكومه‌ت و سه‌ركرده‌ی گرووپه چه‌كداره‌كان كۆببێته‌وه، به مه‌به‌ستی تاوتوێكردنی جه‌نگی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست و كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر عێراق.
بەرپرسە عێراقییه‌کە كه ناوه‌كه‌ی ئاشكرا نه‌كراوه، ئاماژەی بەوەداوه كه پرسی بنبەستی سیاسی لەبارەی دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق یەکێکی دیکە دەبێت لە تەوەرەکانی سەردانەکەی قائانی.
هاوكات ئاژانسی ئه‌نادۆڵ بڵاویكرده‌وه كه ده‌نگۆی ئه‌وه بڵاوبووه‌ته‌وه كه ئیسماعیل قائانی فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودس سه‌ربه سوپای پاسدارانی ئێران، به‌سه‌ردانێك له به‌غدایه و له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی سه‌ربه لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی ھه‌ماھه‌نگی شیعه كۆبووه‌ته‌وه.
ئه‌نادۆڵ ده‌ڵێت كه "ئیسماعیل قائانی له سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ به‌غدا زنجیره‌یه‌ك دیدار و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی سه‌ربه لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی ھه‌ماھه‌نگی ئه‌نجامداوه".
ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو كه له كۆبوونه‌وه‌كانی ئیسماعیل قائانی له‌گه‌ڵ سه‌ركره‌كانی چوارچێوه‌ی ھه‌ماھه‌نگی باس له پێشھاته‌كانی دۆخی سیاسی عێراق كراوه، ھه‌روه‌ھا تیكشخراوه‌ته سه‌ر دۆزینه‌وه‌ی ڕێگا چاره‌یه‌ك بۆ دۆخی چه‌قبه‌ستووی سیاسیی عێراق.
روونیشیكردووه‌ته‌وه كه له ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كاندا، داھاتووی گرووپه چه‌كداره‌كان له عێراق تاووتوێكراوه له‌وانه‌یش پرسی تێكه‌ڵكردنی گرووپه چه‌كداره‌كان به سیسته‌می فه‌رمی ئه‌منی له‌گه‌ڵ پرسی پچڕاندنی په‌یوه‌ندی ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ی سیاسی شیعه به باڵه چه‌كداره‌كانیانه‌وه.
وه‌ك ئه‌نادۆڵ باسی كردووه، پرسێكی دیكه كه له كۆبوونه‌وه‌كانی ئیسماعیل قائانی له‌گه‌ڵ سه‌ركره‌كانی چوارچێوه‌ی ھه‌ماھه‌نگی، تایبه‌ت بووه به دۆسیه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و له‌وباره‌یه‌وه قائانی جه‌ختی كردووه‌ته‌وه له‌سه‌ر پێویستیی نزیكبوونه‌وه‌ی دید و بۆچوونه‌كانی نێوان لایه‌نه‌كانی سه‌ربه چوارچێوه‌ی ھه‌ماھه‌نگی، بۆ ئه‌وه‌ی به ھاوبه‌شی كه‌سێك بۆ پۆستی سه‌رۆكوه‌زیران به‌ربژێر بكه‌ن.
ئیسماعیل قائانی فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودس سه‌ربه سوپای پاسدارانی ئێران، دوایین سه‌ردانی بۆ به‌غدا له ته‌مووزی 2025 ئه‌نجامیدا كه له میانیدا ته‌نھا له‌گه‌ڵ سه‌ركره‌كانی چوارچێوه‌ی ھه‌ماھه‌نگی كۆبووه‌وه، بێ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كۆببێته‌وه.
PM:02:37:19/04/2026
ئه‌م بابه‌ته 504
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت