سودانی: لە یادی ئەنفالدا شانازی بە یەکڕیزیی وڵاتەکەمان و برایەتی پێکهاتە و نەتەوە هەمەچەشنەکانییەوە دەکەین
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ سێشەممە 14ی نیسانی 2026، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەیامێکدا رایگەیاند، "بە خەمێکی قووڵ و بەبیرهێنانەوەیەکی پڕ لە ئازارەوە یادی 38 ساڵەی ئەو تاوانە ڕەگەزپەرستانە دەکەینەوە، کە لە لایەن ڕژێمی دیکتاتۆری لە ناوچوو و باندە تاوانکارییەکانیەوە دژ بە ڕۆڵەکانی گەلی کوردمان لە شاڵاوە دڕندەکانی ئەنفالـدا ئەنجام دران".
ئاماژەی بەوەکرد، "لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا و پێش زیاتر لە سێ دەیە گەلی کوردی ئاشتیخوازمان لە شار و شارۆچکە و گوندەکان ڕووبەڕووی قێزەونترین شێوەی کوشتن و ئەشکەنجە بوونەوە، بەدەر لە هەموو بەها و داب و نەریت و یاساکان".
سودانی وتی، "هاوکات لەگەڵ یادکردنەوەی ئەم شاڵاوە تاوانکارییە لە دژی ڕۆڵەکانی گەلی کوردمان، ئەمڕۆ شانازی بە یەکڕیزی وڵاتەکەمان و برایەتی پێکهاتە و نەتەوە هەمەچەشنەکانیەوە دەکەین، لە چوارچێوەی سیستەمێکی دیموکراسی و دەستووری و فرەییدا، کە هەموو عێراقییەکان بە شکۆمەندی و ئازادی و بەبێ هیچ جیاوازی و بەئامانجگرتنێک لە سایەیدا دەژین".
AM:11:58:14/04/2026
ئهم بابهته 112
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت