وەزارەتی نەوتی عێراق: داهاتی هەناردەی نەوت بۆ مانگی ئادار نزیکەی دوو ملیار دۆلار بووە


وێستگەنیوز-

وەزارەتی نەوتی عێراق رایدەگەیەنێت، داهاتی هەناردەی نەوت بۆ مانگی ئادار، نزیکەی دوو ملیار دۆلار بووە، کە بەراورد بە مانگی شوبات نزیکەی پێنج ملیار دۆلار کەمی کردووە.

ئەمڕۆ دووشەممە 13ی نیسانی 2026، کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق 'سۆمۆ' لە راگەیەندراوێکدا کۆی گشتی هەناردە و داهاتی نەوتی عێراقی بۆ مانگی ئادار بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "هەناردەی نەوتی خاوی عێراق بۆ مانگی ئادار 18 ملیۆن و 604 هەزار و 951 بەرمیل بووە، داهاتەکەشی زیاتر لە یەک ملیار و 957 ملیۆن و 121 هەزار دۆلار بووە".

ئاماژە بەوەکراوە، کۆی قەبارەی نەوتی خاو لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، کە لە مانگی رابردوودا هەناردە کراوە، گەیشتووەتە 14 ملیۆن و 561 هەزار و 534 بەرمیل بووە.

ئەوەشخراوەتەڕوو، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکی یەک ملیۆن و 271 هەزار و 200 بەرمیل بووە، هەروەها هەناردەی نەوتی کەرکوکیش لەرێگەی بەندەری جەیهان دوو ملیۆن و 772 هەزار و 217 هەزار بەرمیل بووە.

ئەمە لەکاتێکدایە تەنیا هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە مانگی شوباتدا پێنج ملیۆن و 551 هەزار و 610 بەرمیل بووە.


AM:09:54:13/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 100 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت