چوارچێوەی هەماهەنگی کاندیدێکی نوێ بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران دیاری دەکات


وێستگەنیوز-

لایەنە سیاسییەکانی ناو ماڵی شیعەی عێراق لە هەوڵی ئەوەدان کاندیدێکی نوێ بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران دەستنیشان بکەن ئەمەش پاش ئەوەی سەرۆکایەتی پەرلەمان داوای لە گەورەترین فراکسیۆن کرد لە ماوەی 15 ڕۆژدا کاندیدی خۆیان بناسێنن.

ئاژانسی شەفەق نیوز لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، کە لە ناو لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا، "باسم بەدری" وەک کاندید بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق دیاری کراوە.

لەم بارەیەوە، عامر فەیاز، سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی و سەرۆکی فراکسیۆنی "تەسیم" لە پەرلەمان، بە ئاژانسی شەفەق نیوزی ڕاگەیاندووە: «چوارچێوەی هەماهەنگی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدات بۆ ئەوەی بە فەرمی کاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران دەستنیشان بکات.» فەیاز ئاماژەی بەوەش کردووە کە ناوی زۆر پێشنیار کراون، بەڵام تا ئێستا ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر یەک کەس نەکراوە.

چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ یەکلاکردنەوەی کاندیدی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق لە کۆبوونەوەیەکی چڕوپڕدایە و بەپێی زانیارییەکانی سەرکردەیەکی ناو هاوپەیمانییەکە، کشانەوەی نوری مالیکی و محەمەد شیاع سودانی مەرجی سەرەکییە بۆ رێککەوتن لەسەر کاندیدێکی نوێ کە تێیدا باسم بەدری وەک بەهێزترین چانس دەبینرێت.

لە گەڵ ناوی بەدری، ناوی موحسین مەندەلاوی، جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانیش وەک کاندیدێکی بەهێز بۆ کێبڕکێکە لە ئارادایە.


ئەم جموجۆڵە سیاسییانە دوای ئەوە دێن کە سەرۆکایەتی پەرلەمان داوای لە گەورەترین فراکسیۆن کردووە لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا کاندیدی خۆیان بناسێنن، ئەمەش وەک جێبەجێکردنی ماددەی ٧٦ی دەستوور دوای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار.


 

 


PM:09:15:11/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 752 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت