باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەعێراق سێ ملیۆن دۆلاری وەک خەڵات بۆ پێدانی زانیاریی لەسەر میلیشیاکان دیاری کرد


وێستگەنیوز-

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق سێ ملیۆن دۆلار بەو کەسە دەدات کە زانیارییەکیان پێبدات کە ببێتە هۆی ئاشکراکردنی ناسنامە یان شوێنی ئەو میلیشیا تیرۆریستییانەی بەرپرسن لەو هێرشانەی کە دەکرێنە سەر دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە عێراق.

وتەبێژێک بەناوی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە راگەیەنراوێکدا سەبارەت بەهێرشەکانی شەوی رابردوو کە کرایە سەر دامەزراوە دیپلۆماسییەکانیان دەڵێت؛ "میلیشیای تیرۆریستیی عێراقیی سەر بە ئێران دوو هێرشی قێزەونیان کردووەتە سەر دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە عێراق وەک هەوڵێک بۆ تیرۆرکردنی دیپلۆماتکارانی ئەمریکا، ئەوە جگە لە سەدان هێرشی دیکە لەناو خاکی عێراقدا کە هاووڵاتیانی ئەمریکی لە وڵاتانی دراوسێ و دامەزراوەکانی دەوڵەتانی عەرەبی و هاووڵاتیانی سڤیلی بە هەرێمی کوردستانیشەوە کردووەتە ئامانج کە لە چەند هەفتەی رابردوودا ئەنجامدراون."

هەروەها دەڵێت: لە گەرمەی ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر نێردە دیپلۆماسییەکانیان، چەندین جار هانی حکومەتی عێراقیان داوە دەستبەجێ بەرپرسیارێتیی خۆی جێبەجێ بکات لە راگرتنی هێرشەکان بۆ سەر دامەزراوەکانی ئەمریکا و رێگری بکات لە گرووپە چەکدارەکان بۆ بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ ئەنجامدانی هێرش.

وتەبێژەکە دەڵێت؛ "دوودڵ نابین لە بەرگریکردن لە فەرمانبەران و دامەزراوەکانمان ئەگەر حکومەتی عێراق نەتوانێت پابەند بێت بە پابەندییەکانی."

وتەبێژەکەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق دەڵێت؛ "ئەگەر زانیاریتان هەیە لەسەر ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە عێراق، ئەگەری هەیە شایستەی پاداشت بن کە دەگاتە سێ ملیۆن دۆلار بۆ ئەو کەسەی کە زانیارییەک بدات کە ببێتە هۆی ئاشکراکردنی ناسنامە یان شوێنی ئەو میلیشیا تیرۆریستییانەی بەرپرسن لەو هێرشانەی کە دەکرێنە سەر دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە عێراق."


PM:07:13:05/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 312 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو