هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر حەشدی شەعبی بەردەوامە


وێستگەنیوز-

دەستەی حەشدی شەعبی رایدەگەیەنێت، فەوجێکی حەشد لە پارێزگای نەینەوا رووبەڕووی دوو هێرشی ئاسمانی بووەتەوە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە 2ی نیسانی 2026، دەستەی حەشدی شەعبی لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا بڵاویکردەوە، فەوجی چوارەمی سەر بە لیوای 14 لە چوارچێوەی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی نەینەوا، لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێردا دوو هێرشی ئاسمانیان کراوەتە سەر، ئەمەش لە چوارچێوەی زنجیرە هێرشە بەردەوامەکانە بۆ سەر بارەگاکانی حەشد".

ئاماژە بەوەکراوە، هێرشی یەکەم کاتژمێر 7:50ـی ئێوارەی رۆژی چوارشەممە ئەنجامدراوە و هێرشی دووەمیش کاتژمێر 5:20ی بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە هەمان شوێنی کردووەتەوە ئامانج.

حەشدی شەعبی هێرشەکەی بە "دوژمنکارییەکی ئیسرائیلی - ئەمریکی" ناوبردووە و ئاشکرایکردووە، ئەو هێرشانە هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتووەتەوە.


AM:10:59:02/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 76 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت