حکومەتی عێراق ئیدانەی هێرشەکەی سەر پێشمەرگە دەکات و دڵنیاییش دەدات کە مووچەی مانگی 3 کێشەی بۆ دروست نابێت


وێستگەنیوز-

حکومەتی عێراق ئیدانەی هێرشەکانی سەر پێشمەرگە و حەشدی شەعبی دەکات و دەڵێت، "پێداگریی لە پاراستنی سەروەریی عێراق دەکەین".


ئەمڕۆ سێشەممە 24ی ئاداری 2026، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران کۆبووەوە و لەبارەی دۆخی ئەمنی ناوچەکە و چەند پرسێکی دیکە گفتوگۆکرا.

بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بێت، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنەکەدا، سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر پێگەکانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان کرا.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە سووربوون لەسەر پاراستنی ئاسایش و سەروەریی عێراق، پاراستنی دامەزراوەکان و دارایی گشتی و تایبەت، و باڵیۆزخانە و نێردە دیپلۆماسییە باوەڕپێکراوەکانی ناو عێراق کراوەتەوە، هەروەها جەخت لە پاراستن و پەرەپێدانی کارەکانی دەزگا ئەمنییەکان و زیادکردنی کاراییان کرایەوە بەو شێوەیەی کە سەقامگیریی ئەمنی لە تەواوی خاکی عێراقدا بەدیبهێنێت.

لە کۆبوونەوەکەدا، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق راپۆرتێکی لەسەر دۆخی دارایی وڵات پێشکەش کرد و دڵنیایی دا کە رێکارە داراییەکان و یەدەگی دراو لە ئاستێکی زۆر باشدان.

وەزیری دارایی جەختی کردەوە، کە بودجەی پێویست بۆ سەرجەم یەکەکانی خەرجی و بە تایبەتی مووچەی فەرمانبەران دابین کراوە و هیچ گرفتێکی دارایی لە ئارادا نییە.


PM:07:27:24/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 372 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو