سودانی: حکومەت چیتر قبووڵی بە ئامانجگرتنی هیچ ئەندامێکی حەشدی شەعبی و هەر ئەندامێکی دیکەی هێزە چەکدارەکان ناکات
وێستگەنیوز-
سەرۆک وەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان رایدەگەیەنێت، حکومەت بە هیچ شێوەیەک رێگە نادات هێرش بکرێتە سەر چەکدارەکانی حەشد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ی ئاداری 2026، محەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق سەردانی بارەگای دەستەی حەشدی شەعبی کرد و لەگەڵ فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەکە کۆبووەوە.
نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیادا هاتووە، سودانی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک و فەرماندەکانی دەستەی حەشدی شەعبی، پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ ئەم هێزە وەک پێکهاتەیەکی سەرەکیی ناو سیستەمی ئەمنی دووپاتکردەوە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، "حەشدی شەعبی لەژێر چەتری دەستوور و یاسادا کار دەکات و پابەندی فەرمانە باڵاکانە، هەربۆیە هەر تۆمەتێک بۆ ناوزەندکردنی حەشد وەک هێزێکی دەرەوەی یاسا، چەواشەکارییە".
ئەوەشی خستەڕوو، "حکومەت چیتر قبووڵی بە ئامانجگرتنی هیچ ئەندامێکی حەشدی شەعبی و هەر ئەندامێکی دیکەی هێزە چەکدارەکان ناکات".
سوودانی جەختی لە رۆڵی مێژوویی حەشد کردەوە لە تێکشکاندنی داعش و پاراستنی یەکپارچەیی عێراق لە دوای فەتوای مەرجەعییەت، هەروەها بڕیاری دا زەوی نیشتەجێبوون بۆ خێزانی کوژراوان و بریندارانی حەشد دابین بکرێت، وەک کەمترین مافی یاساییان.
سودانی فەرمانی بە دەزگا ئەمنییەکان کرد، کە بەردەوام بن لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری، و جەختی کردەوە، کە نابێت ڕێگە بدرێت هیچ لایەنێک عێراق پەلکێشی ناو ئەو جەنگە بکات کە لە ناوچەکەدا هەڵگیرساوە، هەروەها دووپاتی کردەوە کە پێویستە پارێزگاریی تەواو لە نێردە دیپلۆماسییەکان بکرێت.
PM:09:26:19/03/2026
ئهم بابهته 276
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت