روانگەی ئیکۆ عێراق: هەناردەکردنەوەی نەوت رۆژانە زیاتر 24 ملیۆن دۆلار داهات بۆ بودجەی عێراق دەستەبەر دەکات


وێستگەنیوز-

روانگەی ئیکۆ عێراق رایدەگەیەنێت، دەستپێکردنەوەی پرۆسەی هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆرییەکانی هەرێمی کوردستانەوە، بەپێی نرخی ئێستای بازاڕەکانی نەوت رۆژانە زیاتر 24 ملیۆن دۆلار داهات بۆ بودجەی عێراق دەستەبەر دەکات.


ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی ئاداری 2026، لە راگەیەندراوێکدا روانگەی ئیکۆ عێراق رایگەیاند، "داهاتی رۆژانەی عێراق لە هەناردەکردنی 200 هەزار بەرمیل نەوت بە نرخی 100 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، دوای لێدەرکردنی کرێی گواستنەوە کە 3.15 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک، دەگاتە 24 ملیۆن و 210 هەزار دۆلاری رۆژانە".

ئاماژەی بەوەکرد، "کرێی گواستنەوەی نەوتەکە بەسەر دوو بەشدا دابەش دەبێت، بەشی یەکەم لە ناوخۆی خاکی عێراقدا بۆ هەر بەرمیلێک 2 دۆلارە و دەدرێتە ئەو کۆمپانیایانەی خاوەندارێتی بۆرییەکان دەکەن، بەشی دووەمیش تایبەتە بە کرێی تورکیا کە نزیکەی 1.15 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک کە بەناو خاکەکەیدا تێدەپەڕێت تا دەگاتە بەندەری جەیهان".

ئەوەشخراوەتەڕوو، "دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لەم هێڵەوە کە تەنیا %6ـی کۆی هەناردەی وڵات پێکدەهێنێت، وەک چارەسەرێکی کاتی و نیمچەییە بۆ قەرەبووکردنەوەی بەشێک لەو زیانانەی بەر عێراق کەوتوون لەپاش پەککەوتنی هەناردەی نەوتەکەی لە رێگەی گەرووی هورمزەوە".

روانگەی ئیکۆ عێراق جەختی لەوەکردەوە، "پشتبەستن بە رێڕەوە جێگرەوەکانی هەناردەکردن، پێویستی بە هەمەجۆرکردنی ژێرخانی نەوتی هەیە، بۆ ئەوەی پشتبەستنی وڵات بە ڕێڕەوە دەریاییە پڕمەترسییەکان کەم بکرێتەوە".

ئەمڕۆ چوارشەممە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لەسەر بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە مەبەستی رووبەرووبوونەوەی بارودۆخی نائاسایی وڵات، بەیانیی ئەمڕۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بە هەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵی، دەستی بە کارپێکردنی وێستگەی نەوتی سارالو بۆ گواستنەوەی 250 هەزار بەرمیل نەوت ڕۆژانە بۆ وێستگەی فیشخابوور کرد، تا لەڕێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی كوردستان رەوانەی بەندەری جەیهانی توركی لەسەر كەنارەكانی دەریای ناوەڕاست بكرێت".


AM:11:57:18/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 292 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو