وەزارەتی نەوتی عێراق: رێگریکردن لە هەناردەکردنەوەی نەوت لە رێگەی بۆریی کەرکوک - جەیهان مەترسییەکی گەورەیە
وێستگەنیوز-
وەزارەتی نەوتی عێراق رایدەگەیەنێت، رێگریکردن لە هەناردەکردنەوەی نەوت لە رێگەی بۆریی کەرکوک - جەیهان مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی گەل و ناوبانگی نێودەوڵەتیی عێراق.
ئەمڕۆ سێشەممە 17ی ئاداری 2026، وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا وەڵامی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی دایەوە و رایگەیاند، "ئێمە بەدواداچوونمان بۆ ئەو بەیاننامەیە کردووە کە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم بڵاوی کردووەتەوە کە بەیاننامەیەکی تەواو سیاسی بوو کە هەڵوێستی حزبی بووە، نەک گوزارشت لە روانگەی یاسایی و پیشەیی".
ئاماژە بەوەشدەکات، "وەزارەتی نەوت هەوڵی دەدات بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانی بۆریی نەوتی کەرکوک – جەیهان، سەرەڕای ئەو ئاستەنگانەی رووبەڕوومان بوونەتەوە".
وەزارەتەکە دەڵێت، "بەهۆی ئەو قەیرانەی لەبەر داخستنی تەنگەی هورمز دروستبووە، دەمانەوێت بە شێوەیەکی کاتی بۆریی کەرکوک - جەیهان بەکاربهێنن بۆ هەناردەکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکوک لە رۆژێکدا، کە ئەگەر نەوتی هەرێمی کوردستانیشی بۆ زیاد بکرێت، دەگاتە 450 هەزار بەرمیل".
دەشڵێت، "ئەم بڕە نەوتە بە نرخە بەرزەکەی ئێستای بازاڕ، دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی کاریگەریی ئەو تەنگژە ئابوورییەی بەهۆی داخستنی تەنگەی هورمزەوە دروستبووە".
راشیگەیاندووە، "کارکردن لە بۆریی کەرکوک-جەیهان لە قۆناغی کۆتاییدایە، بەڵام بەهۆی بارودۆخی ئێستا، داوامان کردووە بۆریی نێوان وێستگەی سارلوا لە کەرکوک و وێستگەی پێشابوور بە ئاراستەی بەندەری جەیهان بەکاربهێنرێت".
لە راگەیەندراوەکەدا وەزارەتی نەوتی عێراق داوا دەکات، "حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەڵوێستی خۆیدا بچێتەوە بۆ رێگریکردن لە هەناردەکردنی نەوت، چونکە ئەوە پێشێلکردنی دەستووری عێراقە، ئەگەر نا حکومەتی فیدراڵی هەموو رێوشوێنێکی یاسایی پێویست دەگرێتەبەر".
هەروەها وەزارەتەکە داوا لە ئەنجومەنی نوێنەران دەکات بەدواداچوون بۆ ئەم دۆخە نائاساییە بکات کە فشاری ئابووری دەخاتە سەر عێراق.
AM:09:26:17/03/2026
ئهم بابهته 348
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت