وەزارەتی بەرگریی عێراق: لە مەخمور بە چوار درۆن هێرشکرایە سەر هێزەکانمان


وێستگەنیوز-

وەزارەتی بەرگریی عێراق رایدەگەیەنێت، بە چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە قەزای مەخمور تێکشکێنران، ئاماژە بەوەشدەکات، هیچ زیانێکی گیانی لە ریزەکانی کارمەندانی هێزەکانمان یان هاووڵاتییان تۆمار نەکراوە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ی ئاداری 2026، وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند، "هێزەکانی کەتیبەی ئەندازیاری مەیدانی سەر بە فیرقەی پیادەی 14ی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا (کەرتی فەوجی یەکی لیوای پەنجا)، کەوتنە بەر هێرشی سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ (درۆن) و دواتر فڕۆکەیەکی چوارەم، بەڵام هێزەکانمان رووبەڕوویان بوونەوە و پێش ئەوەی بگەنە ئامانجەکانیان، لە ئاسمانی قەزای مەخمور خستیاننە خوارەوە".

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەکرد، "لە رووداوەکەدا هیچ زیانێکی گیانی لە ریزەکانی کارمەندانی هێزەکانمان یان هاوڵاتییان تۆمار نەکراوە، لە هەمان کاتدا لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستیان کردووە بە گرتنەبەری رێکاری پێویست و بەدواداچوون بۆ وردەکاری و بارودۆخی رووداوەکە".

وەزارەتی بەرگریی عێراق جەخت دەکاتەوە کە هێزە چەکدارەکانیان لە بەرزترین ئاستی ئامادەباشیدان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەک کە ئاسایشی وڵات بکاتە ئامانج.


PM:08:38:12/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 84 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو