چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق ئیدانەی ئەو هێرشانە دەکەن کە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستانی کردووەتە ئامانج


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ی ئاداری 2026، هەر چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق کە پێکهاتبوون لە د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆمار و محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران و هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمان و فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە بەغدا کۆبوونەوە.


بەپێی راگەیەندراوێ کۆبوونەوەکە بێت لە کۆبوونەوەکەدا، پێداچوونەوەیەکی قووڵ بۆ دوایین پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکان لەسەر هەردوو گۆڕەپانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و کاریگەرییە راستەوخۆکانیان لەسەر دۆخی ناوخۆی عێراق کرا.

ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە باسیان لەو میکانیزمانە کرد، کە حکومەت پەسەندی کردووە بۆ ڕێگریکردن لە راکێشانی وڵات بۆ ناو ململانێی دەرەکییەکان، هەروەها پشتیوانی خۆیان بۆ ڕێوشوێنەکانی حکومەت دەربڕی بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و پاراستنی سەروەری وڵات و دەستەبەرکردنی سەلامەتی نێردە دیپلۆماسییەکان و جەختیان کردەوە، لەسەر پێویستی پاراستنی ڕۆڵی سەرەکی و هاوسەنگی عێراق لە بتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

سەرۆکایەتییەکان هەڵوێستی نەگۆڕی عێراقیان دووپاتکردەوە لە دژی بەکارهێنانی خاکەکەی وەک شوێنی هێرش کردنە سەر وڵاتانی دراوسێ یان هەڕەشەکردن لە ئاسایشی وڵاتەکانیان، هەروەها ئیدانەی ئەو هێرشانەیان کرد کە شار و پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کردووەتە ئامانج و بە پێشێلکردنی سەروەری نیشتیمانی دانرا.

لە کۆبوونەوەکەدا جەخت، لەسەر پێویستی راگرتنی دەستبەجێی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە ناوچەکە و رێزگرتن لە سەروەری و سەربەخۆیی وڵاتان کرایەوە و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرا هەنگاوی بەپەلە بگرنەبەر بۆ رێگری کردن لە بڵاوبوونەوەی بازنەی ململانێکان و جەخت لەوە کرایەوە، کە پەنابردن بۆ دانوستان و چارەسەری دیپلۆماسی باشترین رێگەیە بۆ دوورخستنەوەی ناوچەکە لە کاردانەوە مەترسیدارەکان لەسەر هەردوو ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.

لە ئاستی ناوخۆدا ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە باسیان لە گرنگی خێراکردنی تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکان و بەهێزکردنی یەکگرتووی نیشتمانی کردەوە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بارودۆخی ئێستا، جگە لە پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی حکومەت بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و باشترکردنی بارودۆخی ژیان و خزمەتگوزاری گشتی بۆ هاووڵاتیان و درێژەدان بە ڕێبازی چاکسازی و گەشەپێدانی بەردەوام.

لەکۆتایی کۆبوونەوەکەدا ئامادەبووان جەختیان کردەوە، لەسەر پێویستی پاڵپشتیکردنی رێوشوێنە ئەمنییەکان، بۆ چەسپاندنی یاسا، هەروەها لێپرسینەوە لەو کەسانە بکرێت کە لەڕێگەی دەزگاکانی ڕرگەیاندن یان سۆشیال میدیاوە دەنگۆی ناڕاست بڵاودەکەنەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو مەترسییە راستەوخۆیەی ئەم جۆرە کارانە لەسەر ئاشتی و ئاسایشی ناوخۆ و بەگوێرەی رێکارە یاسایی و دادوەرییەکان مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.


PM:03:32:05/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 240 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو