ئەمریکا لیستێکی لەبەرپرسانی عێراق بۆ سزادان ئامادەکردووە


وێستگەنیوز_

ڕاوێژکارێکی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، لیستێک لە ناوی بەرپرسانی عێراقیی لەلایەن ئەمریکاوە ئامادەکراوە، کە لە حاڵەتی پشتیوانیکردن لە نوری مالکی، سەرۆکی دەوڵەتی یاسا دا، سزایان بەسەردا دەسەپێنرێت.

ئەمڕۆ هەینی 27-2-2026، ئەو ڕاوێژکارەی سودانی کە داوایکردووە ناوەکەی ئاشکرانەکرێت، بە کەناڵی (ئەلحوررە) وتووە: ئەمریکا هەفتەی داهاتوو سزا بەسەر عێراقدا دەسەپێنێت، ئەگەرهاتوو پرسی کشانەوەی نوری مالکی یەکلایی نەکرایەوە. واشنتۆن لیستێکی سزادانی ئامادەکردووە و تیایدا ناوی کەسایەتییە سیاسییەکان، بەرپرسانی پێشوو، هەروەها دامەزراوە حکومییەکان و کەرتی تایبەتی تیادایە.

ئەو ڕاوێژکارەی سودانی باسی لەوەشکردووە، کەرتی بانکیی عێراق لە پێشینەی ئەو کەرتانەیە کە دەکەونە چوارچێوەی سزاکانی ئەمریکا، جا چ بانکە حکومییەکان بن یان بانکەکانی کەرتی تایبەت.

هەر بەگوێرەی قسەی ئەو بەرپرسە عێراقییە، تۆم باراک، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق ئەو پەیامەی بە ڕوونی بە بەرپرسە حکومیی و حزبییەکانی عێراق وتووە.



PM:05:37:27/02/2026


ئه‌م بابه‌ته 124 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت