وەزارەتی گواستنەوەی عێراق: بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لە کارەکەی دوورخرایەوە


وێستگەنیوز-

دوای ئەوەی شەوی رابردوو بەهۆی بڕانی کارەبا لە سیستمی رووناکی رێنوێنیی فڕۆکەوانی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی بەغدا راگیرا، بە بڕیارێک بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەکە لە کارەکەی دوورخرایەوە.


وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، شەوی رابردوو 25ـی شوباتی 2026، بەهۆی بڕانی کارەبا لە سیستەمی رووناکی رێنوێنیی فڕۆکەوانی، جوڵەی فڕۆکەکان و گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا بەشێوەیەکی کاتی هەڵپەسێردران.

ئاماژە بەوەکراوە لەسەر ئەو بنەمایە، د. خالید شوانی، وەزیری گواستنەوە بەوەکالەت فەرمانی کرد بە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ زانینی هۆکاری دروستبوونی ئەو کێشەیە و پێویستیی تەواوکردنی کارەکانی لیژنەکە و بەرزکردنەوەی راسپاردەکان لە ماوەی 72 کاتژمێردا، بۆ وەرگرتنی رێکاری پێویست لەسەر بنەمای دەرەنجامەکان و رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی رووداوی لەم شێوەیە لە داهاتوودا.

هەر لە چوارچێوەی بڕیارەکانیدا، وەزیری گواستنەوە بەوەکالەت فەرمانی کردووە بە دوورخستنەوەی حارس عەبدی، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لە کارەکەی تا کاتی تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان.


PM:03:41:25/02/2026


ئه‌م بابه‌ته 216 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت