کۆمەڵێک بڕیاری گرنگ لە حکومەتی عێراقەوە
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق
وێستگەنیوز_
لە دوای کۆبوونەوەی ئەمرۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، تێیدا کۆمەڵێک بڕیار لە بوارەکانی وزە، ئابووری، ئاسایش و خزمەتگوزاری دەرکرا، لەوانە دروستکردنی سەکۆیەکی گازی شل بە هاوکاری کۆمپانیایەکی ئەمریکی و رادەستکردنی نەخشەی ناوچە ئاوییەکان بە نەتەوە یەکگرتووەکان.
ئەمڕۆ سێیشەممە، 24-2-2026 نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیران کە بە سەرپەرشتی محەممەد شیاع سوودانی بەڕێوەچوو، جەخت لە مافی سەروەریی عێراق بەسەر خاک و سنوورە ئاوییەکەیدا کراوەتەوەو دەڵێت، "عێراق پابەندە بە بڕیارە نێودەوڵەتییەکان و دەیەوێ باشترین پەیوەندیی بونیادنەرانە و برایانەی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ هەبێت، بە مەرجێک سەروەریی نیشتمانی پارێزراو بێت."
بڕیارەکانی حکومەتی عێراق:
- رەزامەندی درا کە وەزارەتی کارەبا گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیای (Excelerate Energy)ی ئەمریکی واژۆبکات بۆ دروستکردنی سەکۆیەکی سەر ئاو بە مەبەستی هاوردەکردنی گازی شل.
- بڕیاردرا شایستە داراییەکانی وەبەرهێنەرانی نێوخۆیی لە کەرتی کارەبا خەرج بکرێ، دوای ئەوەی وەزارەتی دارایی وردبینی لە خشتەی کۆمپانیاکان دەکات.
- گرێبەستی ئەو فەرمانبەرانەی پێشتر لە چوارچێوەی یاسای "پاڵپشتی فریاگوزاری بۆ ئاسایشی خۆراک" دامەزرابوون و ماوەکەیان بەسەرچووبوو، درێژکرایەوە.
- پەسندکردنی راسپاردەکانی تیمی بەدواداچوون بۆ زیادکردنی داهات و کەمکردنەوەی خەرجییەکان لە سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی دەوڵەت.
- کۆمپانیای گشتیی بەندەرەکانی عێراق راسپێردرا باجی کۆگاکردن لەسەر کاڵاکانی حکومەت لابدات.
- داشکاندنی 75% لە کرێی کۆمپانیاکانی گواستنەوە و بریکارە دەریاییەکان بۆ هاوردەکاران کە بڕیارە تاوەکو نیسانی ئەم ساڵ بچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
- سیستمی "نیشانەی کواڵیتیی عێراقی" بۆ سێ ساڵ کرا بە ئارەزوومەندانە، بە مەبەستی هاندانی بازرگانان و ئاسانکاری لە رێکارەکانی پشکنیندا.
- وەزارەتی ناوخۆ سەرپشک کرا بۆ واژۆکردنی گرێبەستی سیستمێکی مۆدێرنی چاودێریی ئەلیکترۆنی بۆ پاراستنی سنوورەکانی عێراق و سووریا.
- بڕیاردرا پڕۆژەی "بنیادە حکومییە دۆستەکانی ژینگە" جێبەجێ بکرێ کە 535 بینا دەگرێتەوە و پشت بە وزەی نوێبووەوە دەبەستن.
- ئاسانکاری بۆ رەوانەکردنەوەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە نایاسایی هێنراونەتە وڵات و گرتنەبەری رێکاری تووند بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو دیاردەیە.
- رەزامەندی درا عێراق ببێتە ئەندام لە "کۆمەڵەی عەرەبی بۆ هاوکاریی بۆشایی ئاسمان"، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ پەرەپێدانی تواناکانی وڵات لە بواری تەکنەلۆژیا و گەردوونناسی.
PM:10:16:24/02/2026
ئهم بابهته 144
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت