فەرهاد ئەترووشی: ئەستەمە کورد بتوانێت بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بە یەک کاندید بچێتە بەغدا
وێستگەنیوز-
جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، پشێوییەکی گەورە باڵی بەسەر پەرلەماندا کێشاوە، ئاماژە بەوەشدەکات، نییەتێکی خراپ هەیە بۆ بچووککردنەوە و لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان
ئەمڕۆ شەممە21ی شوباتی 2026، فەرهاد ئەترووشی، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەمیانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەک بە کەناڵی کوردستان 24ی رایگەیاند، "پشێوییەکی گەورە باڵی بەسەر پەرلەماندا کێشاوە و لایەنە شیعەکان هەوڵی قۆرخکردنی لیژنە گرنگەکان دەدەن".
ئاماژەی بەوەکرد، "بەهۆی سیاسەتی ئێستای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە، ئەستەمە کورد بتوانێت بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بە یەک کاندید بچێتە بەغدا".
باسی لەوەشکرد، "بەشێک لە هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، کە خۆیان بە هاوپەیمانی یەکێتی دەزانن، بە نهێنی و بەبێ ئاگاداریی ئەو، نووسراوێکیان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کردووە، لەو نووسراوەدا داوایان کردووە متمانەی یاسایی و شەرعییەت لە هەموو دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان وەربگیرێتەوە و تەنیا دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بمێنێتەوە".
فەرهاد ئەترووشی دەڵێت، "ئەم هەوڵانە بەشێکن لە نییەتێکی خراپ بۆ بچووککردنەوە و لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان".
جەختی لەوەشکردەوە، "نوری مالیکی بە هیچ شێوەیەک ئامادەی کشانەوە نییە لە کاندیدبوون بۆ سەرۆک وەزیران".
فەرهاد ئەتروشی وتی، "لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی گفتوگۆم کردووە و بە راشکاوی پێی وتم کە دۆخی ئابووریی عێراق خراپە و ئەو پارەیەی دەستمان دەکەوێت کەمە".
وتیشی، "مالیکی پێی وایە کشانەوەی لەم کاتەدا بە واتای کۆتاییهاتنی خۆی و حزبی دەعوە دێت، بۆیە چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی چوارچێوەی هەماهەنگی دەکات".
PM:09:23:21/02/2026
ئهم بابهته 292
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت