فوئاد حسێن: لە کۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی پارتی و یەکێتی باسی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق نەکراوە


وێستگەنیوز-

وەزیری دەرەوەی عێراق ئاشکرای دەکات، لەگەڵ یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار رێکنەکەوتوون، ئاماژە بەوەشدەکات، باشترە پارتی و یەکێتی بگەنە رێککەوتن.


ئەمڕۆ یەکشەممە 15ی شوباتی 2026، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کە هاوکات بەربژێری پۆستی سەرۆک کۆمارە لەمیانەی چاوپێکەوتنێکدا لە کەناڵی رووداو رایگەیاند، "لە کۆبوونەوەی رۆژی 11ی ئەم مانگەی نێوان مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی باسی پۆستی سەرۆک کۆمار نەکراوە و تاوەکو ئێستاش لەسەر یەک بەربژێری هاوبەش رێکنەکەوتووین".

ئاماژەی بەوەکرد، "باشتر وایە پارتی و یەکێتی هەفتەی داهاتوو کۆببنەوە، ئەگەر بگەینە رێککەوتن باشترە، ئەگەر نەگەینە رێککەوتن واتای ئەوەیە لە بەغدا بە رکابەری دەچینە نێو هۆڵی پەرلەمان و ئەوە بۆ دۆزی کورد باش نییە، ئێمە هەرچەندە یەکگرتوو بین، ئەوەندە هێزمان لە بەغدا زیاتر دەبێت".

19 بەربژێر کێبڕکێ دەکەن بۆ بوونە سەرۆک کۆماری عێراق دیارترینیان فوئاد حسێن، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان و نزار ئامێدی، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.


PM:02:04:15/02/2026


ئه‌م بابه‌ته 112 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت