بەرپرسێکى ئەنجومەنى باڵاى دادوەریى عێراق: لێکۆڵینەوە لەو داعشانەی لە سوریاوە هێنراونەتە زیندانەکانی عێراق چوار بۆ شەش مانگی دەوێت


وێستگەنیوز-

بەرپرسێکى ئەنجومەنى باڵاى دادوەریى عێراق رایدەگەیەنێت، لەناو ئەو چەکدارانەی پێشووی داعش کە لە سوریاوە هێنراونەتە زیندانەکانی عێراق، کەسانێک هەن کە تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی تاوان بەرامبەر کوردانی ئێزدی، دەشڵێت، "لێکۆڵینەوە لەگەڵیان چوار بۆ شەش مانگی دەوێت".


عەلی زیا، یاریدەدەری سەرۆکی ناوەندی نیشتمانی بۆ هاریکاریی دادوەریی نێودەوڵەتی کە سەر بە ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراقە بە میدیای فەرمی عێراقی رایگەیاندووە، "پێشبینی دەکرێ ژمارەی ئەو چەکدارانەی پێشووی داعش کە لە سوریاوە دەگوازرێنەوە بۆ عێراق، لەنێوان 7000 بۆ 8000 کەس بن".

ئاماژەی بەوەکردووە، "هەندێک لەوان مەترسیدارن و تۆمەتبارن بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، کۆمەڵکوژی و ئەنجامدانی تاوان بەرامبەر کوردانی ئێزدی".

باسی لەوەشکردووە، "ئەو لێکۆڵینەوانەی لەگەڵیان دەکرێت لە سفرەوە دەستپێدەکات، ناکرێت باس لە رادەستکردنەوەیان بە وڵاتەکانیان بکرێت تاوەکو لێکۆڵینەوە لەگەڵیان تەواو نەبێت کە پێشبینی دەکرێ چوار بۆ شەش مانگ بخایێنێت".

بە وتەی یاریدەدەری سەرۆکی ناوەندی نیشتمانی بۆ هاریکاریی دادوەریی نێودەوڵەتی، ئەو داعشانە خەڵکی 42 وڵاتی جیاوازن.

عەلی زیا راشیگەیاندووە، "ناوەندەکەمان ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی بە هەماهەنگی هێزە ئەمنییەکان پێکهێناوە بۆ پشتبەستن بەو بانکە زانیارییەی تاوانەکانی داعشی لەنێوان ساڵانی 2014 بۆ 2017 تێدا تۆمارکراوە".

لە 28ی کانونی دووەمی 2026ـەوە پرۆسەی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنی ئەو داعشانە دەستیپێکردووە کە بەهۆی رووداوەکانی ئەم دواییەی رۆژئاوای کوردستان و باکووری رۆژهەڵاتی سوریاوە بۆ زیندانەکانی عێراق گوێزراونەتەوە.

ئەو داعشانە پێشتر لە زیندانەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات "هەسەدە"دا بوون لەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی ئەواندا بوون.


AM:11:32:09/02/2026


ئه‌م بابه‌ته 216 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو