جارێكی دیكه په‌رله‌مانی عێراق شكستی هێنا له دیاریكردنی دانیشتنی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار
كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق له 25ی كانوونی دووه‌م
وێستگه‌نیوز -
هه‌رچه‌نده زیاتر له دوو مانگ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق له كۆتایی ساڵی رابردوو و واده‌ی ده‌ستووری بۆ هه‌ڵبژاردنی سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه (په‌رله‌مان، سه‌رۆك كۆمار، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران) و پێكهێنانی حكومه‌ت تێپه‌ڕیوه، به‌ڵام ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كارنامه‌ی خۆی بۆ دانیشتنی رۆژی دووشه‌ممه راگه‌یاند، به‌بێ ئه‌وه‌ی بڕگه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماری نوێی عێراقی تێدا بێت.
نه‌بوونی بڕگه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار له كارنامه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌ماندا ئاماژه‌یه بۆ به‌رده‌وامی بنبه‌ست و نه‌گه‌یشتن به‌ته‌وافوقی لایه‌نه‌كان، ئه‌مه‌ش سێیه‌مجاره په‌رله‌مان نه‌توانێت ئه‌م ئه‌ركه ده‌ستوورییه جێبه‌جێ بكات، سه‌ره‌ڕای ته‌واوبوونی واده‌ی یاسایی.
حكومه‌تی ئێستا كه محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات و زۆرترین كورسی له هه‌ڵبژاردنه‌كانی ڕابردوودا به‌ده‌ستهێناوه، بووه‌ته حكومه‌تێكی كاربه‌ڕێكه‌ری رۆژانه له وڵاتێكدا كه له‌گه‌ڵ چه‌ندین كێشه‌ی جیاوازدا ده‌جه‌نگێت، جا چ سیاسی، ئابووری، یان په‌یوه‌ندیدار به خزمه‌تگوزارییه گشتیه‌كان بێت.
ئیفلیجبوونی حكومه‌ت
كه‌مبوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی حكومه‌ت و نه‌بوونی هیچ ئاسۆیه‌ك بۆ پێكهێنانی حكومه‌تێكی جێگره‌وه كه هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكی هه‌بێت بووه‌ته هۆی زیادبوونی داواكارییه‌كان یان بۆ چاره‌سه‌ركردنی خێرای چه‌قبه‌ستوویی سیاسی به هه‌ر نرخێك بێت، یان ده‌سه‌ڵاتی زیاده بدرێت به‌م حكومه‌ته بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت رۆڵی خۆی له‌و بوارانه‌دا بگێرێت كه پێویستیان به بڕیاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران هه‌یه.
ته‌نانه‌ت خودی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیش نیمچه ئیفلیج بووه، نه‌ك ته‌نها به‌هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی وه‌زیره‌كانه‌وه- ته‌نانه‌ت چوارچێوه‌یه‌كی په‌رله‌مانی نییه بۆ ئه‌م حكومه‌ته كه ده‌سه‌ڵاته‌كانی نیمچه كۆتایی هاتووه، به‌ڵكو به‌هۆی ئه‌وه‌ی 9 وه‌زیری بوونه‌ته ئه‌ندامی په‌رله‌مان. ئه‌مه‌ش سودانی ناچاركردووه وه‌زیره‌كانی دیكه له ناو كابینه‌كه‌یدا رابسپێرێت بۆ به‌ڕێوه‌بردنی وه‌زاره‌ته به‌تاڵه‌كان.
ته‌نانه‌ت خودی سودانی كه كورسییه‌كی په‌رله‌مانی عێراقی به‌ده‌ستهێناوه، نه‌یتوانیوه سوێندی ئه‌ندامێتی په‌رله‌مانی عێراق بخوات، به‌و پێیه‌ی ناچاره به‌رده‌وام بێت له پۆسته‌كه‌یدا وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران به ده‌سه‌ڵاتێكی سنوورداره‌وه تا ئه‌و كاته‌ی حكومه‌تێكی جێگره‌وه پێكده‌هێنرێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو ئاماژه‌كان ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن كه پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ هێشتا زۆر دووره؛ ئه‌و كێشه‌یه‌ی كه رووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه له سنوورداربوونی ده‌سه‌ڵاته‌كانیدایه. وه‌ك شاره‌زایانی یاسایی ئاماژه‌ی پێده‌كه‌ن، ئه‌م حكومه‌ته‌ی ئێستا ده‌سه‌ڵاتی پێشنیاركردنی هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستوور، ده‌ركردنی یاسا، ئه‌نجامدانی رێككه‌وتن و گرێبه‌ستكردن له‌گه‌ڵ وڵاتانی دیكه، یان دامه‌زراندنی پله‌باڵاكانی نییه.
PM:07:52:08/02/2026
ئه‌م بابه‌ته 388
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت