چوارچێوەی هەماهەنگی: نوری مالیكی وەک کاندیدمان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەمێنێتەوە


وێستگەنیوز-

چوارچێوەی هەماهەنگی دووپاتیدەکاتەوە کە کاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق ناگۆڕن و دەڵێت، "نوری مالیکی ناگۆڕین و وەکو کاندیدیمان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەمێنێتەوە".


ئەمڕۆ شەممە 31ی کانونی دووەمی 2026، رایگەیاند، "هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو پرسێکی تەواو ناوخۆیی و دەستووریی عێراقە و تەنیا لە رێگەی میکانیزمە سیاسییە نیشتمانییەکان و بە ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات یەکلایی دەکرێتەوە".

لە راگەیەندراوەکەدا چوارچێوەی هەماهەنگی سووربوونی خۆیان لەسەر کاندیدکردنی نوری مالیكی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق دووپات کردەوە.

ئاماژەی بەوەکرد، "پڕۆسەی دەستنیشانکردنی سەرۆکی حکومەت دەبێت بە دوور بێت لە هەموو جۆرە فشار و سەپاندنێکی دەرەکی، چونکە عێراق دەوڵەتی دامەزراوەیە و دەتوانێت بەپێی دەستوور و ئیرادەی نوێنەرانی گەل ئەرکە سیاسییەکانی خۆی جێبەجێ بکات".

چوارچێوەی هەماهەنگی داوای لە هەموو لایەنەکان کرد، رێز لە کاتە دەستوورییەکان بگرن و پابەندی وادە دیاریکراوەکان بن، هاوکات داوای کرد هەوڵەکان چڕ بکرێنەوە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی گشتگیر کە جێگەی رەزامەندیی هەموو لایەنەکان بێت.

لەبارەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، چوارچێوەی هەماهەنگی دەڵێت، "پەرۆشی بنیاتنانی پەیوەندییەکی هاوسەنگین لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بە تایبەت زلهێزە کاریگەرەکان".

جەختیشی کردەوە، ئەم پەیوەندییانە دەبێت لەسەر بنەمای ڕێزی بەرامبەر و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیی عێراق دابڕێژرێن، تاوەکو سەروەریی وڵات بە پارێزراوی بمێنێتەوە و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بەدی بێن.


PM:10:00:31/01/2026


ئه‌م بابه‌ته 240 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت