نوری مالیکی بۆ ترەمپ: بە تووندی دژی دەستوەردانی ئاشکرای ئەمریکا لە کاروباری ناوخۆی عێراق دەوەستینەوە


وێستگەنیوز-

نوری مالیکی، کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بە تووندی وەڵامی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای دایەوە.


لە راگەیەندراوێکەی نوری مالیکی کە ئەمڕۆ چوارشەممە 28ی کانونی دووەمی 2026، بڵاویکردووەتەوە هاتووە، "ئێمە بە تووندی دژی دەستوەردانی ئاشکرای ئەمریکا لە کاروباری ناوخۆی عێراقدا دەوەستینەوە، و بە پێشێلکارییەک بۆ سەروەریی وڵات و دەستدرێژی بۆ سەر بڕیاری "چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ هەڵبژاردنی کاندیدەکەی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی دادەنێین".

ئاماژەی بەوەکردووە، "زمانی گفتوگۆ لە نێوان دەوڵەتەکاندا، تەنیا بژاردەی سیاسییە بۆ مامەڵەکردن، نەک پەنابردن بۆ زمانی فەرزکردنی داواکاری و هەڕەشە".

نوری مالیکی دەڵێت، "لە سۆنگەی رێزگرتنم بۆ ئیرادەی نیشتمانی و بڕیاری چوارچێوەی هەماهەنگی، بەردەوام دەبم لە کارکردن تاوەکو گەیشتن بە ئەنجام، بە شێوەیەک کە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی عێراق بەدی بهێنێت".

دوێنێ سێشەممە 27ی کانونی دووەمی 2026, دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا هه‌ڕه‌شه‌ی راگرتنی‌ یارمه‌تییه‌كانی‌ وڵاته‌كه‌ی بۆ عێراق كرد، ئه‌گه‌ر نوری مالیكی وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران هه‌ڵبژێردرێته‌وه‌ و رایگەیاند، "كۆتاجار نوری‌ مالیكی له‌ ده‌سه‌ڵاتدا بوو، عێراقی به‌ره‌و هه‌ژاری و پشێوییه‌كی ته‌واو برد، بۆیە نابێت رێگه‌ به‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی‌ نوری‌ مالیكی‌ به‌ سه‌رۆك وه‌زیران بدرێت".

ترەمپ جەختی لەوەشکردەوە، "به‌بێ یارمه‌تی واشنتۆن، عێراق چانسی سه‌ركه‌وتن، خۆشگوزه‌رانی، یان ئازادی نابێت".


PM:02:15:28/01/2026


ئه‌م بابه‌ته 68 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو