حکومەتی عێراق: 150 زیندانیکراوی داعش لە سوریاوە گەڕێندراونەتەوە بۆ عێراق


وێستگەنیوز-

حکومەتی عێراق لەبارەی گواستنەوەی زیندانیانی داعش لە سوریا بۆ وڵاتەکەی روونکردنەوە دەدات و دەڵێت، "بە شێوەیەکی کردەیی یەکەم کاروانی زیندانییەکان وەرگیراوەتەوە کە ژمارەیان 150 تیرۆریستی عێراقی و بیانییە".


سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، "وەک بەدواداچوونێک بۆ ئەو پێشهاتە ئەمنییانەی لە گۆڕەپانی سوریادا ڕوودەدەن و بۆ کۆنترۆڵکردنی مەترسیی زیندانیانی داعش، ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی لە کۆبوونەوەی نائاسایی خۆیدا بڕیاری داوە تیرۆریستە دەستگیرکراوەکان وەربگرێتەوە".

ئاماژەی بەوەکرد، "پرۆسەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش ئەنجام دراوە و تێیدا عێراق رەزامەندی داوە لەسەر وەرگرتنەوەی تیرۆریستانی هەڵگری رەگەزنامەی عێراقی و رەگەزنامە بیانییەکانی دیکەش، کە تا ئێستا لە زیندانەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بوون".

وتەبێژی حکومەتی عێراق وتی، "بە شێوەیەکی کردەیی یەکەم کاروانی زیندانییەکان وەرگیراوەتەوە کە ژمارەیان 150 تیرۆریستی عێراقی و بیانییە، ئەم تیرۆریستانە بەشێکن لەوانەی دەستیان بە خوێنی عێراقییەکان سوورە و رەوانەی دامەزراوە چاکسازییە حکومییەکان کراون".

وتیشی، "لە قۆناغەکانی داهاتوودا و بەپێی هەڵسەنگاندنی دۆخی ئەمنی و مەیدانی، ژمارەی کاروانەکانی دیکە دیاری دەکرێن، ئامانج لەم هەنگاوەش گەمارۆدانی مەترسیی بڵاوبوونەوە یان هەڵهاتنی ئەو تیرۆریستانەیە، کە وەک سەرکردەی ئاستی یەکەمی رێکخراوە تیرۆریستییەکە دادەنرێن".


PM:10:40:21/01/2026


ئه‌م بابه‌ته 192 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت