مارک ساڤایا: هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاكانی عێراق پەیوەستە بە هەڵوەشاندنەوەی تۆڕەكانى گەندەڵی
وێستگهنیوز –
نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ عێراق رایدەگەیەنێت، ئەگەر بەنیازی چاكسازی بین لە عێراق دەبێت بەتوندی رووبەڕووی گەندەڵی ببینەوە و هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاكانی عێراق دەبێت لە رێگای هەڵوەشاندنەوەی تۆڕە گەندەڵییەكان دەستپێبكات.
مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ عێراق لە لێدوانێكدا بۆ میدیاكان رایگەیاند "بە وردی ئاگاداری ئاودیوكردنی پارەی نایاساییم، ئەمە تەنیا لە رێگەی گەورە بەرپرسانەوە نییە، بەڵکو گرنگتر لەوە، لە رێگەی چینەکانی خوارەوەی وەک: ئەندامانی خێزان، هاوڕێیان، پاسەوانان، شۆفێران و نێوەندگیرەکانەوە دەگوازرێتەوە".
وتيشى، "ئەو شێوازەی گواستنەوەی پارەيه پارێزبەندی و خۆدزینەوە و نکۆڵیکردن دروستدەکات، لە هەمان کاتدا سیستمەکەش بە تەواوی بە کارایی دەهێڵێتەوە".
مارك ساڤایا ئاماژەی بەوە کرد، "ئەمە تۆڕێکی زۆر ئاڵۆزە و بە مەبەست دروستکراوە، کە زیاتر لە دوو دەیەیە چالاکە، سەرکەوتوو بووە لە تێپەڕاندنی رێساکان، چوارچێوەکانی پابەندبوون و میکانیزمەکانی وردبینیی نێودەوڵەتی، لە رێگەی ئەم سیستمەوە گرووپە میلیشیاکانی نزیک لە ئێران لەڕووی داراییەوە بەهێز کراون، پارێزراون و بەردەوامییان پێدراوە".
جەختی لەوەش کردەوە، "هەر هەوڵێکی جددی بۆ سەقامگیرکردنی عێراق، گەڕاندنەوەی سەروەری و هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکان، دەبێت بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو تۆڕە گەندەڵییانە دەستپێبکات کە پارەداریان دەکەن".
دووپاتیشیكردەوە، "دەبێت سەرچاوەکانی پارەی زەبەلاحی گەندەڵی وەکو مووچەی ساختە (بندیوار)، قەرزی ساختە و سامانی وەهمی رابگیرێن؛ بەبێ ئەوە، هەموو هەوڵێکی دیکە شکست دەهێنێت".
AM:11:03:21/01/2026
ئهم بابهته 128
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت