کۆمپانیای سۆمۆ: رێککەوتنی نەوت لەگەڵ هەرێمی کوردستان سەرکەوتوو بووە


وێستگەنیوز-

کۆمپانیای سۆمۆ رایدەگەیەنێت، لە سێ مانگی رابردوودا نزیکەی 19 ملیۆن بەرمیل نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە هەناردەکراوە، کۆمپانیاکە دەڵێت، "بەردەوامین لە وەرگرتنی نەوتی هەرێم".


ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ی کانوونی دوومی 2026، عەلی نزار شەتەری، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)ی راگەیاندووە، "پرۆسەی وەرگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە بەپێی ئەو رێککەوتنەی کراوە".

ئاماژەی بەوەکرد، "هەموو لایەنەکان هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ پابەندبوون بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی رێککەوتنەکە، بەپێی ئەو بارودۆخە کارپێکردنەی کە بۆ کێڵگە نەوتییەکان و پرۆسە لۆجستییەکان دیاریکراوە".

عەلی نزار شەتەری وتویەتی، "ئەو بڕە نەوتەی کە لە سەرەتای جێبەجێکردنی رێککەوتننامەکەوە لە 27ی ئەیلولی 2025 تا کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی 2025 وەرگیراوە و هەناردەکراوە، گەیشتووەتە نزیکەی 19 ملیۆن بەرمیل و تێکڕای مانگانەی نزیکەی 6 ملیۆن بەرمیلە".

ئەوەشی وتوە، "سروشتی پیشەسازی نەوتی جیهانی گۆڕانکاری لە ڕێژەکانی بەرهەمهێنان و هەناردەکردندا دروستدەکات، ئەمەش بەهۆی گۆڕانکارییە تەکنیکی و کارپێکردنەکانەوەیە".

روونیشیکردەوە، "بڕی ئەو نەوتەی مانگانە لە هەرێمەوە وەردەگیرێت و رێژەکەی لە کۆی گشتی هەناردەکردنی عێراقدا، بە رێژەیەکی سادە دەگۆڕێت و لە سنووری قبووڵکراودایە بەپێی پێوەر و رێکارە جیهانییەکانی پیشەسازی نەوت و ئەو رێکارانەی لەسەر ئاستی جیهانی جێبەجێدەکرێن".


PM:04:31:15/01/2026


ئه‌م بابه‌ته 248 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت