هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە: سودانی بە فەرمی لە کاندیدبوونی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق کشایەوە
وێستگەنیوز-
وتەبێژی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان ئاشکرایکرد، محەمەد شیاع سودانی لە بەرژەوەندیی نوری مالیکی سازشی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە و لە بەربژێربوون کشاوەتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 12ی کانوونی دووەمی 2026 فیراس مەسلەماوی، وتەبێژی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە میدیای پارتی راگەیاند، "محەمەد شیاع سودانی لە بەرژەوەندیی نوری مالیکی سازشی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە و لە بەربژێربوون کشاوەتەوە، مەبەست لە کشانەوەکە، کردنەوەی ئەو گرێکوێرە و چەقبەستووییە سیاسییەی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بوو لەبارەی پۆستی سەرۆک وەزیران."
ئاماژەی بەوەکرد، "بڕیارەکە تاکەکەسی نەبوو، بەڵکو بڕیاری سەرکردایەتیی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بوو بە کۆی دەنگ بڕیارەکە دراوە".
وتەبێژی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە وتی، "ئێمە لە هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، پڕۆژە و دیدگەمان هەیە و بەرژەوەندیی باڵای عێراقمان خستووەتە پێش بەرژەوەندیی تەسکی حزبایەتی، ئەمە دووەم دەستپێشخەریی ئێمەیە، دوای ئەوەی دەستپێشخەرییەکمان پێشکەش بە چوارچێوەی هەماهەنگی کرد سەبارەت بە پێوەرەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران، ئێستاش هەنگاوی کردەییمان ناوە".
وتیشی، "لە حکومەتی داهاتوودا بەشدار دەبین و رۆڵێکی بەهێزمان دەبێت لە دروستکردنی بڕیار و داڕشتنی ستراتیژییەت و جێبەجێکردنیدا".
داواشی لە لایەنە کوردستانییەکان کرد پەلە بکەن لە دیاریکردنی بەربژێری سەرۆک کۆمار و رایگەیاند، "ئەوە هەنگاوی سەرەکییە بۆ راسپاردنی سەرۆک وەزیران بۆئەوەی حکومەتی نوێ پێکبهێنێت".
PM:01:00:12/01/2026
ئهم بابهته 392
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت